لە شرناخ تەرمی 50 كورد دەدرێنەوە خێزانەكانیان

بڕیارە تەرمی 50 هاوڵاتیی كوردی کە دانیشتووی شارۆچکەی شرناخ بوون و بوونە قوربانیی شەڕ و ئاڵۆزییەكان لە باكووری كوردستان، ئەمڕۆ رادەستی کەسوکاریان بکرێنەوە.

K24 - شرناخ

بڕیارە تەرمی 50 هاوڵاتیی كوردی کە دانیشتووی شاری شرناخ بوون و بوونە قوربانیی شەڕ و ئاڵۆزییەكان لە باكووری كوردستان، ئەمڕۆ رادەستی کەسوکاریان بکرێنەوە.

پەیامنێری (كوردستان24) لە شرناخ رایگەیاند: "دوای ماوەیەك لە شەھیدبوونیی ژمارەیەک لە هاوڵاتیان بەھۆی شەڕ و ئاڵۆزییەكانی باكووری كوردستان، بڕیارە ئەمڕۆ تەرمی 50 لەو شەهیدانە کە خەڵكی شاری شرناخن رادەستی كەسوكاریان بکرێنەوە".

بەپێی گوتەی بەشێک لە كەسوكاری ئەو كەسانەی لە شرناخ شەھید كراوان، ژمارەیەك لەو شەهیدانە لە چەند رۆژی رابردوو لە ناوچە جیاجیاكانی باکووری کوردستان شەھیدكراون بەڵام تا ئێستا تەرمەكانیان بە كەسوكاریان نەدراوەنەتەوە و بە خاك نەسپێردراون.

ئێستا بەرپرسانی توركیا لە ناوچەکە خێزانی ئەو شەھیدانەیان ئاگاداركردووەتەوە، ھەر كەسێك لە ماوەی سێ رۆژدا تەرمی کەسوکاریان وەرنەگرنەوە ئەوا حكومەت لە شوێنێك دەیانێژێت.

لەبارەی رەوشی ئێستای ناوچەی شرناخ پەیامنێری (كوردستان24) دەڵێ: خەڵكی شرناخ لە رەوشێكی خراپ و مەترسیداردا دەژین.