فرسەت سۆفیی: دەبێ حكوومەت بۆ خەڵكی بسەلمێنێ چاكسازیی راستەقینە دەكات

فرسەت سۆفیی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی زەرد رایگەیاند، دەبێ حكوومەت بۆ خەڵكی بسەلمێنێ كە چاكسازیی راستەقینە دەكات.

K24 - ھەولێر:

فرسەت سۆفیی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی زەرد رایگەیاند، دەبێ حكوومەت بۆ خەڵكی بسەلمێنێ كە چاكسازیی راستەقینە دەكات.

لە میانی بەشداریكردنی لە بەرنامەی باسی رۆژ لە (كوردستان24) کە تایبەت بوو بە پاكێجی چاكسازیی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ چارەكردنی قەیرانی دارایی لە ھەرێمی كوردستان، فرسەت سۆفی راشیگەیاند: "خەڵك باوەڕی بەوە نەھێناوە چاكسازییەكە راستە قینەیە و پارە نییە، دەبێ حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ خەڵكی بسەلمێنێ كە چاكسازیەكەی دڵسۆزانە و راستەقینەیە و پارە نییە".

ئەندامەکەی پەرلەمانی کوردستان گوتیشی: "لە ماوەی رابردوودا ئێمە لە پەرلەمان كەمتەرخەم بووینە، ئەوەندەی خەریكی موزایەدە كردن بووین بەسەریەكتر ئەوەندە خەریكی ئەوە نەبووین چی بۆ ھاوڵاتیان بكەین، باری گران و بەردی گەورەی دیكە پێمان ھەڵنەدەگیرا ھێنامانە سەرخۆمان و ملی پەرلەمانمان پێشكاند، خەریكی ئەوە نەبووین چۆن یاساكان ھەمووار بكەینەوە چۆن وا بكەین قەیرانەكە نەگاتە ئەمڕۆ.

ئەمە لە کاتێکدایە سەرچاوەیەك لە ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان، دوێنێ، بە (كوردستان24)ی راگەیاند کە: "ئەمڕۆ (دوێنێ) نێچیرڤان بارزانیی، سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان 21 بڕیاری لە پاكێجی پلانی چاكسازیی پەسەندكرد".

سەرچاوەكە گوتیشی: "یەكێك لە بڕیارەكان ئەوەیە دەبێ لە ماوەی مانگێکدا ئەو فەرمانبەرانەی دوو مووچەیان ھەیە خۆیان یەكلاییبكەنەوە، هاوکات بڕیاری پێكھێنانی لێژنەیەكی تایبەت بە بڕینی كارەبای زێدەڕۆ و تاپۆكردنی سەرجەم خانووەکانی یەكەکانی نیشتەجێبوون درا کە ھێشتا تاپۆ نەكراون".