سه‌رۆكی ئه‌ڵمانیا: موسڵمانانیش به‌ده‌ست داعشه‌وه ده‌ناڵێنن
K24 - به‌رلین:
سه‌رۆكی ئه‌ڵمانیا رایگه‌یاند پێویسته له ساڵی نوێ‌دا، كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی هه‌وڵه‌كانی خۆی بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر چڕبكاته‌وه و هۆشداریشی له باره‌ی سنوورداركردنی ئازادییه‌كان دا له‌ژێر ناوی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر.
یواكیم گاوك، سه‌رۆكی ئه‌ڵمانیا، ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 11ی كانوونی دووه‌م/ یه‌نایه‌ری 2016، گوتی: "ئامانجی دوژمنان دابه‌شكردنی كۆمه‌ڵگە ئازادەكان لە ناوخۆدا و ده‌یانه‌وێت وایان لێبكه‌ن دژی موسڵمانان بووه‌ستنه‌وه و دواتریش ترس و تۆقاندن له‌ناوییان بڵاوبكه‌نه‌وه".
سه‌رۆكی ئه‌ڵمانیا جه‌ختیشی له‌سه‌ر پێویستی هاوكاری نێوده‌وڵه‌تی كرده‌وه بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر، یواكیم هۆشداری له باره‌ی سنوورداركردنی ئازادییه‌كانیشدا و رایگه‌یاند، پێویست ناكات به بیانووی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر، ئازادییه‌كانی سنووردار بكرێن و گوتی: "وه‌ك هه‌مووتان ده‌بینن، كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی هاوشانی یه‌ك له دژی تیرۆر وه‌ستاون، به چاوپۆشین له ئایدۆلۆژیاكان".
هه‌روه‌ها روونیشی كرده‌وه، رێكخراوی داعش ئامانجی له‌تكردنی كۆمه‌ڵگا ئازاده‌كانه و ده‌یه‌وێت له‌دژی موسڵمانان هانییان بده‌ن.
سه‌رۆكی ئه‌ڵمانیا جه‌ختیشی له‌سه‌ر ئه‌وه كرده‌وه، موسڵمانان له هه‌موو كه‌س زیاتر به‌ده‌ست داعشه‌وه ده‌ناڵێنن و گوتی: "سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی به درێژایی مێژوو، كوشتاری زۆر به‌ناوی ئایینه‌وه كراوه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، تیرۆر ئایین ناناسێت".