داعش ده‌چێته نايلساته‌وه
K24 – قاهيره:
سه‌ره‌ڕاى مه‌ترسييه‌كانى داعش له تۆڕى ئينته‌رنێتدا، رێكخراوى داعش له رێگه‌ى دزه‌كردن بۆ ناو مانگى ده‌ستكردى ميسرى نايل ساته‌وه بۆ ماوه‌ى چه‌ند كاتژمێرێك په‌خشێكى ته‌له‌فزيۆنى ئاراسته‌كرد.
كه‌ناڵه‌كه‌ى داعش له شارى مووسڵه و په‌خشى زه‌مينيى هه‌يه، به‌ڵام له شارى ره‌ققه‌ى سوورياوه هاككه‌رانى سه‌ر به داعش توانيويانه دزه بكه‌نه ناو ليستى كه‌ناڵه‌كانى مانگى ده‌ستكردى نايلسات و له‌وێوه پرۆگرامه‌كانى خۆيان و ديمه‌نه‌كانى كوشتن و ته‌قينه‌وه بڵاوبكه‌نه‌وه.
يه‌كێك له هه‌ژماره‌كانى داعش له تۆڕى كۆمه‌ڵايه‌تى تويته‌ر، كه ناوه‌كه‌ى له به‌رده‌ست ماڵپه‌ڕى كوردستان 24دايه، هه‌واڵى كردنه‌وه‌ى كه‌ناڵه‌كه‌يانى له مانگى ده‌ستكردنى نايلسات بڵاوكردووه‌ته‌وه.
ئه‌مه يه‌كه‌مجاره، گرووپێكى چه‌كدارى بتوانێت جزه بكاته ناو ليستى كه‌ناڵه‌كانى مانگێكى ده‌ستكرد و تێيدا بره‌و به پڕوپاگه‌نده‌كانى بدات.
به گوێره‌ى زانيارى هه‌ژماره‌كه، كۆمپانياى ميسرى تايبه‌ت به مانگى ده‌ستكرى نايل سات رايگه‌ياندووه، ئه‌و شه‌پۆلانه‌ى له رێگه‌يه‌وه په‌خشى كه‌ناڵه‌كه ئاراسته ده‌كه‌ن نه‌ناسراونه‌ته‌وه و هه‌ربۆيه نه‌يانتوانييوه په‌خشه‌كه په‌كبخه‌ن.
به گوێره‌ى زانيارييه‌كان، نزيكه‌ى 15 مانگى ده‌ستكرد له خولگه‌ى نايل سات ده‌سووڕێنه‌وه و ئه‌و مانگانه شه‌پۆلى په‌خشى كه‌ناڵه‌كان بڵاوده‌كه‌نه‌وه.
سه‌رچاوه‌يه‌كى به‌رپرس له كۆمپانياى نايل سات رايگه‌ياندووه، به هۆى نه‌ناسينه‌وه‌ى شه‌پۆله‌كانه‌وه له ئێستادا ته‌نيا ده‌توانن له رێگه‌ى هانى هانى (ته‌شويش)ه‌وه رێگرى له په‌خشى ئه‌و جۆره كه‌ناڵانه بكه‌ن.
له چه‌ند رۆژى رابردوودا، حكومه‌تى واشنتن بڕياريدا نووسينگه‌يه‌كى تايبه‌تى ئه‌ليكترۆنيى بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى شه‌ڕى پڕوپاگه‌نده‌يى داعش دابمه‌زرێنێت و ئه‌ركى سه‌ره‌كى ئه‌و نووسينگه‌يه به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ى شه‌پۆلى پڕوپاگه‌نده‌كانى داعشه، كه له رێگه‌ى ئينته‌رنێته‌وه به زمانى جياجيا ئاراسته‌ى وڵاتانى جيهانى ده‌كات.
هه‌ر له‌و چوارچێوه‌يه‌دا و به مه‌به‌ستيى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى مه‌ترسييه‌كانى شه‌ڕى پڕوپاگه‌نده‌يى داعش، وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه و گه‌یاندنی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، رایگه‌یاند، "رێگه له په‌خشی رادیۆیی داعش گیرا، تا نه‌گاته هه‌رێمی كوردستان، ئه‌و تۆڕه‌ی ئینته‌رنێتیش وه‌ستێندراوه كه رێكخراوی داعش سوودی له ده‌بینی".
له راگه‌یاندراوێكدا، وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه و گه‌یاندنی هه‌رێم رایگه‌یاندووه، "به فه‌رمانی وه‌زیری گواستنه‌وه و گه‌یاندنی هه‌رێم، به تێكدانی شه‌پۆڵی رادیۆیی له رێی ته‌شویش، رێگا له هاتنی په‌خشی رادیۆیی داعش بۆ هه‌ندێك له ناوچه‌كانی هه‌رێم گیرا".
وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه و گه‌یاندن، ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، "ئه‌و هێڵه‌ی ئینته‌رنێتیش راگیراوه كه داعش سوودی لێ ده‌بینی".