به‌ ڤيديۆ.. به‌ساڵاچوويه‌كى كورد ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ به‌رخوێندن

"پێشمەرگەی ھەردوو شۆڕشی ئەیلول و گوڵان بووە"

K24 - دھۆك:

ھاوڵاتییەكی دانیشتووی شاری دھۆك دوای دەیان ساڵ دابران لە خوێندن جارێكی دیكە گەڕاوەتەوە بۆ خوێندن.

محەممەد سەعید، كە تەمەنی 67 ساڵە و ھاوڵاتیەكی دانیشتووی شاری دھۆكە لە باشووری كوردستان، دوای دەیان ساڵ دابڕان لە خوێندن جارێكی دیكە گەڕاوەتەوە بەر خوێندن، وەك خۆی باسی لێوە دەكات، قوتابییەكی زیرەك بووە، بەڵام بەھۆی بارودۆخی سیاسیی و نا لەباریی ژیان لە خوێندن دابڕاوە.

محەممەد پێشمەرگەی ھەردوو شۆڕشی ئەیلول و گوڵان بووە، كە ئێستا سەر و ریشی سپی بووە و سەر و سیما و تەمەنی لەگەڵ ھەموو ھاوپۆل و مامۆستاكانی جیاوازە، بەڵام سڵ لە ھیچ كام لەو جیاوازیانە ناكاتەوە و بەگڕ وتینەوە لەسەر كورسی پۆلەكەی درێـژە بە خوێندن دەدات.

لە بارەی ھۆكاری وازھێنانی لە خوێندن محەممەد سەعید بە (كوردستان24)ی راگەیاند: "لە ساڵی 61 كە شۆڕش دەستیپێكرد قوتابییەكی زیرەك بووم لە قوتابخانە، بەڵام لەو كاتەوە بووم بە پێشمەرگە نەمتوانی درێژە بە خوێندن بدەم".

ھاوپۆلێكی محەممەد كە تەمەنی زۆر بچوكە بە بەراود بەو، دەڵێ: "وەك ھاوڕێ و باوك و باپیر حیسابی بۆ دەكەین و رێزی لێ دەگرین".

مامۆستاكانی قوتابخانەكەش ئەو قوتابییە بە نموونە و سیمبول بۆ خوێندن دەزانن لە دھۆك و ھەموو كوردستاندا، دەڵێن: ئەو پیاوە ھەموو ژیانی خۆی بۆ پێشمەرگایەتیی تەرخانكردبوو و ئێستا بەو تەمەنەوە ھاتووتەوە قوتابخانە و بە ئومێدەوە لە ژیان دەڕوانێت.