بە ڤیدیۆ... بە جەستە و خەڵوز باس لە ئازارەكانی ژنان دەكات

لە كارێكی ھونەریدا بە درووستكردنی گرافیك لە رێگەی جەستە و خەڵوز باس لە ژیان و ئازارەكانی ژنان دەكات.

K24 – سلێمانى:

كچە خوێندكارێكی باشووری كوردستان، لە كارێكی ھونەریدا بە درووستكردنی گرافیك لە رێگەی جەستە و خەڵوز باس لە ژیان و ئازارەكانی ژنان دەكات.

خوێندكاری بەشی گرافیك- دیزاین لە كۆلێژی ھونەرەجوانەكانی سلێمانی، ھاژە خالید، لە بارەی كارەكەی بە كوردستان24ی گوت: "پێشتر چەند ئیشێكم كردبوو بەڵام ئەم جارە بیرۆكەیەكی دیكەم لا دروستبوو، كە لەسەر كاغەزی سپی، ھەروەھا جەستەی خۆم بەشێك بێت لە كارەكەدا.

لە بارەی ھەڵبژاردنی رەنگی سپی لە كارەكەدا گوتی: "جلی سپیم ھەڵبژارد وەك پاكی ژن، ھەروەھا لەو ئیشەدا سەربەستانە كاردەكەم، خەیاڵ و فەنتازیای خۆم دەخەمە سەر كاغەز، لە ئیشەكەمدا بەشێك لە ئازاری ژنان دەخەمەڕوو".

گوتیشی: "شێوەكاری ژنمان كەمە تا باسی ئازارەكانی ژنان بكات، من ئێستا وەك خوێندكار كار ئیش دەكەم، دوای تەواو كردنی زانكۆ، دەمەوێت بە گشتی كارەكانم باسی ئازارەكانی ژن بكەم لە جیھاندا، ژن لە كۆمەڵگەی ئێمەدا ناتوانن لە رێگەی كارە ھونەرییەكان ئازارەكانیان بخەنەڕوو".