كۆمسیۆن: ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ین

كۆمسیۆن ئامادەكاری بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی ھەرێمی كوردستان ده‌كات

K24 – ھەولێر:

سەرۆكی كۆمسیۆنی سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی لە ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، هه‌ركاتێك داوایان لێبكرێت، دەتوانن لە ماوەیەكی كەمدا ئامادەكاری بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی ھەرێمی كوردستان بكەن.

له‌ لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ ماڵپه‌ڕی كوردستان 24، سەرۆكی كۆمسیۆنی سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی لە ھەرێمی كوردستان، ھەندرێن محەمەد، رایگەیاند، "ھەركاتێك داوا لە ئێمە كرا بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم لە ھەرێمی كوردستان، وەك كۆمسیۆن دەتوانین لە ماوەیه‌كی كەمدا ئامادەكاری بكەین".

ھەندرێن محەمەد گوتی: "ھەرچەندە لەپەیڕەوی كۆمسیۆندا باسی 280 رۆژ كراوە بۆ ئامادەكاری، بەڵام بۆ ریفراندۆم پێداویستییەكان ئاسانترە، لە توانای كۆمسیۆندا ھەیە لە ماوەیەكی كورتدا ریفراندۆم لەسەر سەربەخۆیی ھەرێمی كوردستاندا بكات".

له‌ میانه‌ی میوانداریكردنی له‌ دانیشتنی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ 3 ته‌ممووز/یۆلیۆ 2014، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، مه‌سعوود بارزانی، داوای له‌ په‌رله‌مانی كوردستان كرد په‌له‌ له‌ ئاماده‌كارییه‌كانی ئه‌نجامدانی راپرسی بۆ سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی كوردستان بكات.