39 كۆمپانیای هێنانی كرێكاری بیانی سزا دراون

دەستەی مافی مرۆڤ لە ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، "لە ماوەی ساڵێكدا 39 كۆمپانیای تایبەت بە ھێنانی كرێكاری بیانی سزادراون".

K24- ھەولێر

دەستەی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ لە ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، "لە ماوەی ساڵێكدا 39 كۆمپانیای تایبەت بە ھێنانی كرێكاری بیانی سزادراون".

لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، دەستەی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ لە ھەرێمی كوردستان راپۆرتی رەوشی كرێكارانی بیانی لە ماوەی ساڵێكدا لە ھەرێمی كوردستان خسته‌ڕوو، رایگەیاند، "بەھۆی جێبەجێ نەكردنی رێنماییەكانی تایبەت بە ھێنان و پاراستنی مافی كرێكارانی بیانی لە ساڵی رابردوودا، 39 كۆمپانیا سزادراون".

دەستەی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ لە ھەرێمی كوردستان روونیكردەوە: "ئێستا 112 كۆمپانیای ھێنانی كرێكاری بیانی لە ھەرێمی كوردستان ھەن، 60 لە ھەولێر، 29 لە سلێمانی، 21 لە دھۆك، یەكێك لە زاخۆ و یەكێكی دیكەش لە گەرمیانه‌".

ده‌سته‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، "سه‌ره‌ڕای بوونی كه‌موكوڕی تیایدا، تا ده‌ركردنی یاسایه‌تی تایبه‌ت، پێویسته‌ بە پێی رێنماییەكانی ژمارە 3 لە وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی ھەرێمی كوردستان كار بكه‌ن".

دەسته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ ئەوەشی خستەڕوو، "لە رێگەی 10 نووسینگە و به‌ دابەشكردنی فۆڕم بەسەر كرێكاران و وه‌رگرتنی 480 نموونە، راپۆرتی ساڵی 2015 دەستەكه‌یان ئاماده‌كردووه‌".