ئەمریکا هۆشداریی دەدات لە ئەگەری زیادبوونی هێرشەکانی داعش لە جیهان

"هێرشەکانی داعش لە جیهان بۆ شاردنەوەی شکستەکانی رێکخراوەکەیە"

K24

لویس ئۆستن، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا هۆشداریی دەدات لە ئەگەری زیادبوونی هێرشەکانی داعش لە جیهان و رایگەیاند هێرشەکانی داعش لە جیهان بۆ شاردنەوەی شکستەکانی رێکخراوەکەیە.

جنراڵ لویس ئۆستن ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی هاوبەشدا لەگەڵ ئاشتۆن کارتەر، وەزیری بەرگریی ئەمریکا راشیگەیاند: "سەرکەوتنەکانی ئەم دواییەی هێزە چەکدارەکانی عێراق و هۆزەکان بە هاوکاریی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتیی وای لە رێکخراوەکە کرد رێوشوێنی بەرگریی بگرێتەبەر".

فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا گوتیشی: "ئەم سەرکەوتننانەی کە بەدەستهاتوون ئەنجامی زیادکردنی هێزی جەنگە لەسەر زەوی هاوکات لەگەڵ هەوڵی هەواڵگریی و باشیی پلان داڕشتن، هەموو ئەم فاکتەرانە بوونە هۆی گەیاندنی زیانی گەورە بە دووژمن".

جنراڵ لویس ئۆستن ئاماژەشی کرد کە: "بەهۆی ئەم دۆخەی کە رێکخراوەکە تێیدایە، ئێمە پێشبینی دەکەین هێرشە تیرۆریستییەکانی دوو هێندە لێبکات وەک ئەوەی بەم دواییە لە بەغدا و تورکیا و جاکارتا بینیمان، پێشبینی هەنگاوی هاوشێوەی لێدەکەین لە جیهان، چونکە رێکخراوەکە دەیەوێ سەرنجەکان بۆ دوور لە شکستەکانی رابکێشێ".

فەرماندەکەی سوپای ئەمریکا دڵنیاییشی دا کە: "ئەم هێرشە تیرۆریستییانە بەو واتایە نییە کە رێکخراوەکە بەهێزتربووە بە بەراورد لەگەڵ جاران، بەڵام بە سروشت وەک رێکخراوێکی تیرۆریستیی لە نێو شکستەکانیدا هەوڵ دەدات خۆی وەک رێکخراوێک پێشان بدات کە ناکرێ لەناوببرێ".

فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا ئاماژەشی کرد کە: "جەنگی دژی رێکخراوی (داعش) دوورە لە وادەی کۆتاییهاتنی"، و جەختی کرد لەسەر ئەوەی: "پێویستە هەوڵەکانی هەماهەنگیی بەردەوامبن لەنێوان لایەنە هاوبەشەکان بە پتەوکردنی هێزی وشکانیی، چونکە سەرکەوتن بەدەستدێنین و شکست بە دوژمن دێنین".

ئەمە لە کاتێکدایە هەفتەی رابردوو تەقینەوەیەک شاری ئەستەنبوڵی تورکیا روویدا و بووە هۆی کوژران و برینداربونی چەند کەسێک کە گەشتیاری ئەڵمانیان تێدا بوو، ئەمە جگە لەوەی دوێنێ پێنجشەممە چەند هێرشێکی چەکداریی و تەقینەوەیەک لە جاکارتای پایتەختی ئەندەنوسیا روویاندا و بوونە هۆی کوژرانی شەش کەس و برینداربونی چەنەد کەسێکی دیکە.

سەرچاوە: ئاژانسەکان