پارتی پێشنیازەكانی یەكێتی تاوتوێدەكات

كۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەستی پێكرد.

K24 – ھەولێر:

كۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەستی پێكرد و پێشنیازەكانی یەكێتی تاوتوێ دەكەن.

بە گوێرەی زانیارییەكانی كوردستان24، پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ تاوتوێكردنی بارودۆخی ناوچەكە و ھەرێمی كوردستان لە پیرمام دەستی پێكرد، ھەر لەو كۆبوونەوەیەدا  پێشنیازە نوێیەكانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان تاوتوێ دەكرێن.

لە 12ی ئەم مانگەدا شاندی دانوستانكاری پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە ھەولێر كۆبوونەوە، ھەر چەندە تا ئێستا ئاشكرا نەكراوە كە پێشنیازەكانی یەكێتی بۆ دوا كۆبوونەوە لەگەڵ پارتی و گۆڕن چی بووە، بەڵام بەرپرسانی ئەو حزبە ریانگەیاندووە بۆ چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكان چەند پێشنیازێكی نوێیان خستوەتە بەردەم شاندی دانوستانكاری پارتی و گۆڕان.

ئەگەرچی رۆژێك پێش كۆبوونەوە لەگەڵ پارتی شاندی یەكێتی لە سلێمانی لەگەڵ گۆڕان كۆبوونەوە، بەڵام دوای كۆتایی ھاتنی كۆبوونەوەی پارتی و یەكێتی میدیای گۆڕان باسی لەوە كرد، كە لە كۆبوونەوەكەدا پارتی و یەكێتی باسیان لە رێككەتن كردووە لەسەر ھەناردە كردنی گازی ھەرێمی كوردستان لە رێگەی توركیاوە، دواتریش مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە راگەیاندراوێكدا ھەواڵەكەیان بە "ناراست" لە قەڵەمدا.

بۆ چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكان و لێك نزیكبوونەوەیان لەسەر دۆخی ئێستای ناوچەكە، ئێستا ھاوڵاتیانی باشووری كوردستان لە چاوەڕوانی كۆبوونەوەكەی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی ھەرێمی كوردستاندان، كە بڕیارە لەم ھەفتەیە لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەكانی باشووری كوردستان كۆببێتەوە.