گەمارۆ ئابوورییەكانی سەر ئێران ھەڵوەشانەوە

"ئێران پابەندی بەڵێنەكانی بە ئاژانسی وزەی ناوەكی بووە"

K24- تاران

دوای ئەوەی رۆژی رابردوو، یوكیا ئامانۆ، بەرێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەكی، بە فەرمی رایگەیاند، ئێران ھەموو قۆناغەكانی بە دروستی تێپەڕاندووە، فێدریكا مۆگرینی بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا  و محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران بەیاننامەیەكی ھاوبەشیان دەركرد.

موگرینی ھەڵوەشانەوەی بەشێك لە گەمارۆكانی دژ بە چالاكی ناوەكی ئێرانی بە فەرمی بە میدیاكانی جیھان راگەیاند.

موگرینی گوتی: "لەبەر ئەوەی ئێران پابەندی بەڵێنەكانی بووە، گەمارۆی ئابووریی چەند وڵاتێكی پەیوەندار بە بەرنامەی ناوەكیی ھەڵوەشانەوە".

یەكێتی ئەورووپا، وڵاتانی چین، فەرانسە، ئاڵمانیا، رووسیا، بەریتانیا، ئەمریكا  و ئێرانیش بەڵێنیان داوە، لە بەكار ھێنانی وزەی ناوەكی بۆ چالاكی ئاشتیانە ھاوكاری یەكتر دەبن. 

ھاوكات بڕیارە نەتەوە یەكگرتووەكانیش گەمارۆ ئابوورییەكانی دژ بە چالاكی ناوەكی ئێران ھەڵبوەشێنێتەوە.

محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران دەقی بەیاننامەكەی بە فارسی بۆ میدیاكان خوێندەوە.

زەریف گوتی:   "ئەمڕۆ ئێمە گەیشتینە رێككەوتن. لە رۆژی دەستپێكەوە بە سەختی كارمان كرد و بە ھەوڵی گشتی گەیشتینە ئەو رێككەوتنە".

وەزیری دەرەوەی ئێران ئەوەشی خستەڕوو: "نزیكەی 6 مانگ دوای دەستپێكی دانیشتنە مێژوویەكە، ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەكی پشتڕاستی كردەوە، ئێران ھەموو خاڵەكانی رێككەوتنە ناوەكییەكەی وەكوو خۆی جێبەجێ كردووە".

یوكیا ئامانۆ، بەرپرسی رێكخراوی نێودەوڵەتی وزەی ناوەكییش گوتی: "ئەمرۆ پێتانڕادەگەیەنم، ئێران ھەموو خاڵە گرنگەكانی ناو چوارچێوەی رێككەوتنی وەكوو خۆی جێبەجێكردووە و راپۆرتەكە بە فەرمی گەیشتۆتە دەست ئەنجوومەنی چاودێری ئاژانس و ئەنجوومەنی ئاسایشیی نەتەوە یەكگرتووەكان. 

ھەرچەندە تائێستا تەنیا گەمارۆكانی دژ بە بەرنامەی وزەی ناووكی لەسەر ئێران لابراون و تاران گەمارۆی دیكەشیی لەسەر ماوە، بەڵام بە گوتەی چاودێران گەڕانەوەی نزیكەی 100 ملیار دۆلاری دەستبەسەرداگیراو بۆ ئێران، كاریگەری لەسەر ئابووریی ئەو وڵاتە و كەمی بوودجە بۆ ساڵی داھاتوو دەبێت.