دەمیرتاش: لە توركیا مردووەكان سزا دەدرێن
K24 - ئەنقەرە:
لە بارەی شەڕ و مافی مرۆڤ لە توركیا و باكوورى كوردستان, ھاوسەرۆكی ھەدەپە، رایگەیاند، "تەرمەكان لەسەر شەقامەكان دەكەون, چاوەڕێی خێزانەكانیان دەكەن، سزای مردووەكان دەدرێت و رووبەڕووی دادگا دەكرێنەوە".
لە وتارێكیدا لە ئەنقەرە, ھاوسەرۆكی پارتی دیموكراتی گەلان(ھەدەپە), سەلاحەدین دەمیرتاش، باسی كاری ئایندهی خۆیانی كرد، دوای كۆنگرەى داهاتوويان, گوتی: "كاری یهكهممان وەستاندنی شەڕ دەبێت، ئەوەی لە دەستمان بێت دەیكەین، كەمووكوڕیمان ھەیە چونكە شەڕ نەوەستاوە، ئەو شەڕەمان پێ نەوەستا, بەڵام لانی كەم ھەوڵماندا نرخ و بەھا و دابونەریتی مرۆڤایەتی پێشێل نەكرێت".
دهمیرتاش رهخنهی له توركیا گرت و گوتی: "بینیمان بەرامبەرەكەمان دڵێكی مرۆڤانەی نییە بیبیستێ، زۆرجار تەرمەكان لەسەر شەقامەكان چاوەڕێی خێزانەكانیان دەكەن، دەتوانین شەڕ بكەین و جیابینەوە".
ئاماژهی بهوهدا، "بیری ھەدەپە و ئاكپارتی جیایە، سزادانی تەرمەكان و ئەشكەنجەدانیان قهبووڵ ناكرێت، ئەوكات یان ئێوە مرۆڤ نین یان ئێمە".
گوتیشی: "ئەو كەسانە بڕیاری قسەكردنیان لەسەرنەماوە، ئەو جۆرە بیركردنەوەیە لە زيھنییەتی نوێ و دەستووردا جێی نابێتەوە، لێپێچینهوه لەگەڵ مردووەكان دەكەن، ئەوە بە ھەفتە و مانگە ئەو كێشەیە لە توركیا ھەیە, مردووەكان سزادەدەن و رووبەڕووی دادگایان دەكەنەوە".
هاوسهرۆكی ههدهپه، ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، "لە 7ی حوزەیران/یۆنیۆ 2015، ئەو مەترسيیانەمان تێپەڕاندووە، ھەدەپە رووبەڕووی فشارێكی زۆر بووهتهوه، بەڵام گوتمان ئیدی پێویست ناكات بترسین".
لهبارهی نهتهوهكانی تر له توركیا و پهیوهندی كورد لهگهڵ ئهوان، سهڵاحهدین دهمیرتاش، روونیكردهوه، "كورد دەستی لەناو دەستی توركەكاندایە، جیاوازی لە نێوان كورد و عەلەوی و نەتەوەكانی دیكەدا نییە, مەبەستیشمان پارچەكردنی توركیا نيیە، سەلماندمان ئەگەر یەك بین بەرامبەر فاشیستەكان بەھێزدەبین".
لە بارەی ئەركی داھاتووی حزبەكەیان لە كۆنگرەدا, سهڵاحهدین دەمیرتاش گوتی: "كۆمەڵگەی توركیا چاوەڕوانیيەكی زۆر مەزنی لە ئێمە ھەیە، پێویستە لەو كۆنگرەیەدا بە یەكەوە, ھیوای خەڵكی توركیا بەرامبەر خۆمان و دیموكراسی و وەستاندنی ھەستە فاشیستی و خۆپەرستەكان و سەركەوتنەكانی خۆمانى تێدا ھەڵكێش بكەین".
له درێژهی وتارهكهیدا، سەڵاحەدین دەمیرتاش, ئهوهی خستهروو، "ساڵانێكە ھێزە نێودەوڵەتييهكان ھەوڵدەدەن ھەژموونی خۆیان بهسهر ناوچەكەدا بسەپێنن, ھەموو كارەكانيشيان لە پێناو ئەوەدایە، بەڵام داواكاری و داھاتووی خەڵكیان ھیچ نەخستووەتە ناو پلانی كارەكانیان".
دهميرتاش رهخنهی له سیاسهتی توركیا بهرامبهر قهیرانی سووریا گرت، گوتی: " حكوومەتی توركیا سیاسەتی زۆر ناشیرینى لە سووریا پەیڕەو كرد، لە ھەمبەر ھەموو ئەو كوسپانەدا ھەوڵمانداوە خەڵك بێ ھیوا نەبێت".