" تاران جامی ژەھری نۆشیی"

ئێران بەو رێككەوتنە جارێكی دیكە جامی ژەھری نۆشیی و تووشی داڕوخانی ئایدۆلۆژیی بوون

 K24- هه‌ولێر:

جێگری سكرتێری كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان, رەزا كەعبی (حزبێكی رۆژھەڵاتی كوردستان) سەبارەت بە رێككەوتنی ناوەكی ئێران و وڵاتانی 5+1، تایبەت بۆ كوردستان 24ی رايگەیاند: "ئەوە یەكەمجار نییە ئێران پاشەكشێ بە سیاسەتەكانی خۆی دەكات، دەسەڵاتدارانی كۆماری ئیسلامی ئێران بەو رێككەوتنە جارێكی دیكە جامی ژەھری نۆشیی و تووشی داڕوخانی ئایدۆلۆژیی بوون".

جێگری سكرتێری كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان, رەزا كەعبی گوتی: "ھەرچەندە دروشمی ئێران لە كاتی شەڕی 8 ساڵەی لەگەڵ عێراقدا، (شەڕ، شەڕ تا سەركەوتن) بوو، دەیانگوت سەرەتا نەجەف و كەربەلا و پاشان بەیت ولمەقدیس. بەڵام كاریزمای كۆماری ئیسلامیی ئێران, خومەینی بە نۆشینی جامی زەھر كۆتایی بەشەڕەكە هێنا".

ره‌زا كەعبی گوتیشی: "عەلی خامەنەئیی وەكوو دامەزرێنەری كۆماری ئیسلامیی ئێران ئەوەندە بوێرە نەبوو، دان بە شكستی خۆی دابێنت و بڵێت بەو رێككەوتنە جامی ژەھرم خواردووەتەوە، (مەبەست لە جامی ژەھر ئەو گوتەیەی خومەینییە كە لە كاتی واژۆ كردنی رێككەوتنامەی ئاگربەستی نێوان ئێران و عێراق لە ساڵی 1988، گوتبووی بەو رێككەوتنە جامی ژەھرم خواردەوە)".

جێگری سكرتێری كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان زیاتر گوتی: " بەو رێككەوتنە، ئێران ئه‌ژنۆی بەرامبەر رۆژئاوا و ئەمریكا دادا و كۆتایی بە سەرجەم ئەو پڕۆژانە ھێنا كە ماوەی 20 ساڵی رابردوو بە خوێن و چارەڕەشی كۆمەڵانی خەڵك بنیاتی نابوو".

ئەو بەرپرسەی كۆمەڵەی زەحمەتكێشان، سەبارەت به‌ سوودی ئەو رێككەوتنە بۆ رۆژئاوا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا: "رێككەوتنی ناووكی دەرفەتێكی باشی بۆ رۆژئاوا خوڵقاند، چونكە بەھاری عەڕەبی زەبرێكی قورسی لە بەرژەوەندییەكانی رۆژئاوا لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقیا دابوو، ھەروەھا پێگەی وڵاتانی رۆژئاوای لەو ناوچانە لاواز كردبوو".

سەبارەت بە دەستكەوتەكانی رێككەوتنی ناووكی ئێران و وڵاتانی 5+1 بۆ ئێران، كەعبی گوتی: "لەوانه‌یە ئەو رێككەوتنە ھەندێك دەستكەوتی كاتی بۆ دەسەڵاتدارانی كۆماری ئیسلامیی ئێران ھەبێت، لە رووی سەربازیشەوە شەڕێكی ماڵوێرانكەری لەكۆڵ خەڵكی ئێران كردبێتەوە، بەڵام كاریگەری ئەوتۆی لەسەر بژێو و گوزەرانی ھاووڵاتیانی ئێرانی نابێت".

روونیشیكرده‌وه‌: "لە ماوەی 36 ساڵ دەسەڵاتداری كۆماری ئیسلامیی ئێران، دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە سەروەت و سامانی خەڵكیان لە پێناو جێبەجێكردنی سیاسەتەكانی دەرەوەیان بە فیڕۆ داوە لە لوبنان، فەلەستین، سووریا و یەمەن خەرجی دەكەن".

ره‌زا كه‌عبی سكرتێری كۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان، ئەو رێككەوتنە تەواو لە بەرژەوەندی باڵی پارێزگارانی ئێراندا بینی و گوتی: "دەسەڵاتداران ھەڕەشە و توندوتیژییەكانیان بۆسەر خەلك و حزبە ئۆپۆزیسیونەكان زیاتر دەكەن".

ده‌رباره‌ی كاریگەریی رێككەوتنی ناووكی ئێران و وڵاتانی 5+1 بۆ سەر حزبە كوردییەكان, ئەو بەرپرسە باڵایەی كۆمەڵەی زەحمەتكێشان گوتی: "بزووتنەوەی رزگاریخوازی خەڵكی رۆژھەڵاتی كوردستان گۆڕانێكی ئەوتۆی بەسەر دانایەت، چونكە بزووتنەوەی كوردی لە رۆژھەڵاتی كوردستان پشتی بە خەڵك و توانایی خۆی بەستووە و توانیویەتی لەسەر پێیی خۆی راوەستێته‌وه‌ و بەردەوام بێت".