ئەمریکا: لە هەوڵداین بۆ دۆزینەوەی هاوڵاتییەکانمان لە بەغدا

بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا لە بەغدا: سێ هاوڵاتیی ئەمریکا لە بەغدا رفێندراون

K24

بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا لە بەغدا رایگەیاند کە سێ هاوڵاتیی ئەمریکا لە بەغدا رفێندراون، هاوکات وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند کە لە هەوڵداین بۆ دۆزینەوەی هاوڵاتییەکانمان کە لە بەغدا دیارنەماون.

بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا لە بەغدا کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکات، رایگەیاند: "دوو رۆژە سێ بەڵێندەری ئەمریکی لە عێراق بزربوونە و دیارنەماون".

بەرپرسەکەی ئەمریکا دەشڵێ: "کۆمپانیایەک رۆژی یەکشەممە، راپۆرتێکی پێشکەش کرد تێیدا گوتی دوو رۆژە سێ لە فەرمانبەرانی دیارنەماون، ئەوان بەڵێندەری ئەمریکین، و ئێمە لەو راپۆرتە دەکۆڵینەوە".

هاوکات جۆن کێربی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند: "ئێمە ئاگاداری ئەو راپۆرتەین لە بارەی دیارنەمانی چەند هاوڵاتییەکی ئەمریکا لە عێراق، ئاسایش و سەڵامەتیی ئەمریکییەکان لە دەرەوەی گرنگییەکی هەرە لە پێشە بۆ ئێمە، بۆیە بە هەماهەنگیی لەگەڵ دەسەڵاتداریی عێراق کاردەکەین بۆ دیاریکردنی شوێنیان و گەڕاندنەوەی ئەو هاوڵاتیانە".

بەڵام ئەفسەرێکی پۆلیسی عێراق بە پلەی عەقید کە داوای کردووە ناسنامەی ئاشکرا نەکرێت، رایگەیاند: "سێ ئەمریکیی و وەرگێڕێکی عێراقی لە بەغدا رفێندراون، و هێزەکانی عێراق ئۆپەراسیۆنێکیان دەستپێکردووە بۆ دۆزینەوەیان، رفێنەرەکان چەکداری میلیشیاکانن کە جلی سەربازیان دەپۆشی".

سەرچاوە: ئاژانسەکان