ئێران وەڵامی سزاكانی ئەمریكا دەداتەوە

"ئەمریكا لە بەرامبەر خۆڕاگری ئێراندا بەچۆك داھات"

K24 - ئێران:

وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە بەیاننامەیەكدا وەڵامی سزاكانی ئەمریكای بۆ سەر بەرنامەی مووشەكی وڵاتەكەی دایەوە و رایگەیاند، ئێمە بە ورەیەكی بەرزترەوە لە پێناو بەرزكردنەوەی ئاستی بەرگری و ئاسایشی وڵاتەكەماندا، پەرە بە بەرنامەی مووشەكیی خۆمان دەدەین.

وەزارەتی دەرەوەی كۆماری ئیسلامیی ئێران لەو بەیاننامەیەدا گوتوویەتی: "دوێنی ئەمریكا لە بەرامبەر خۆڕاگری ئێران بەچۆك داھات و سەرەڕای لابردنی گەمارۆكانی تایبەت بە بەرنامەی ناووكیی، بەربەستە نایاساییە بازرگانییەكانیشی لەسەر ئێران لابرد و دەیان ملیارد دۆلار پارەی دەستبەسەرداگیراویی بۆ ئازاد كردین".

لە درێژەی بەیاننامەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئێراندا ھاتووە: "لەو بارودۆخەدا، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا بە بیانووی بەرنامەی مووشەكیی، ناوی چەندین بەرپرس و كۆمپانیای وڵاتەكەمانی خستووەتە لیستی گەمارۆی نوێوە، ئەویش تەنیا لە پێناو بەخشینی ئیمتیاز بە ناوەندە دەسەڵاتخوازە دەرەكی و ناوخۆییەكانی وڵاتەكەی".

وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەوەشی خستووەتەڕوو، "دیوارەكانی گەمارۆی ئابووری رووخاون و ئێران چیتر ناگەڕێتەوە بۆ دواوە و بە ورەیەكی پوڵایین و ھێزێكی زیاترەوە درێژە بە بەرنامەی مووشەكی خۆی دەدات".

تەنیا چەند كاتژمێرێك دوای ھەڵوەشاندنەوەی گەمارۆكانی سەر بەرنامەی ناووكی ئێران، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا، لە بەیاننامەیەدا،  گەمارۆی نوێی لە دژی 11 كۆمپانیا و بەرپرسی ئێرانی بە تۆمەتی ھەبوونی پەیەوەندی بە بەرنامەی مووشەكی بالیستیی تاران دەركردووە.