زه‌ريف: نامه‌وێت كێشه‌مان هه‌بێت

داواى په‌يوه‌نديى دۆستانه‌ ده‌كه‌ين له‌گه‌ڵ وڵاتانى ناوچه‌كه‌

K24 – تاران:

وەزیری دەرەوەی كۆمارى ئيسلامى ئێران، محەممەد جەواد زەریف لە چەند نامەیەكی جیادا بۆ سكرتێری رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان، سكرتێری گشتی رێكخراوی ھاوكاری ئیسلامی و وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان رایگەیاند، ئێمە حەزناكەین لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ كێشەمان ھەبێت.

ئاژانسی ھەواڵی كۆماری ئیسلامی ئێران بڵاویكردووەتەوە، زەریف لە نامەیەكدا بۆ سكرتێری رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، بانكی مون، نیگەرانی خۆی لە ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەكانی ئێران و سعوودیە دەربڕیوە".

وەزیری دەرەوەی ئێران لەو نامەیەدا گوتوویەتی: "سعوودیە ناچارە ھەڵبژاردنێكی باشی ھەبێت، ئەوان دەتوانن پاڵپشتی لە تيرۆریستەكانی ناوچەكە بكەن و پەرە بە كێشەی مەزھەبی بدەن، یان رێگای چاكە ھەڵبژێرن و رۆڵی بەرچاویان لە سەقامگیری ناوچەكەدا ھەبێت. ھیوادارم سعوودیە رێگای عەقڵانی ھەڵبژێرێت".

گوتیشی: "ئێران حەز بە ئاڵۆزی ناوچەكە ناكات، پێویستە ھەموومان لەبەرامبەر ھەڕەشەی تێرۆریزم یەكدەنگ بین".

لە درێژەی نامەكەیدا زەریف ئەوەشی خستووەتەڕوو و گوتوویەتی: "سەرۆك كۆمار و من لە یەكەم رۆژەكانی دوای ھەڵبژاردن، چەندین په‌یامی گشتی و تایبەتیمان بۆ بەرپرسە باڵاكانی سعوودیە ناردووە و پێمانڕاگەیاندوون، ئێران ئامادەیە لە پێناو دابینكردنی سەقامگیری ناوچەكەدا گفتوگۆتان لەگەڵدا بكات".

زەریف لە نامەكەیدا بۆ سكرتێری رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان سەرەڕای مەحكوومكردنی ھێرشەكانی سەر باڵوێزخانەی سعوودیە لە ئێران، ئاماژەی بە ناردنەوەی دیپڵۆماتكارە ئێرانییەكان لە لایەن سعوودیەوە كردووە و گوتوویەتی: "سعوودیە و ھاوپەیمانەكانی دیپلۆماتكارە ئێرانییەكانیان كردووەتە ئامانج و دیپلۆماتەكان و كەسانی سڤیلی ئێرانی دەكوژێت".

بەرپرسانی ئێرانی دەڵێن، دەستی دەرەكی لە پشت ھێرشەكانی سەر باڵوێزخانەی سعوودیە لە تاران و مەشھەد بووە و "بریتانیا، لایەنگرانی مەرجەعێكی توندڕەو  یان دەستوپەیوەندەكانی ریاز" تۆمەتبار دەكەن.

"پاڵپشتی سعوودیە لە تيرۆریزم"

وەزیری دەرەوەی ئێران لەو نامەیەدا سعوودیەی بە پاڵپشتی لە تيرۆریزم تۆمەتبار كردووە و نووسیویەتی: "زۆربەی ئەندامانی ئەلقاعیدە، تاڵيبان، داعش و بەرەی نووسرە ھاووڵاتی سعوودیەن".

وەزیری دەرەوەی ئێران گوتوویەتی: "ئێران ھەوڵدەدات خۆی لە رەفتاری ھاوشێوەی سعوودیە بە دوور بگرێت، تەنانەت حەزناكات پەیوەندی لەگەڵ سعوودیە بپچڕێنێت".

دوای ھێرشەكردنە سەر باڵوێزخانەی سعوودیە لە ئێران ئەو وڵاتە سەرجەم پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئێران پچڕاند، بە دوای ئەویشدا بەحرێن، سوودان، سووماڵی، جیبووتیش پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانیان لەگەڵ ئێران پچڕاند، ھاوكات رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكانیش ھێرشەكەی سەر باڵوێزخانەی سعوودیەی مەحكوومكرد.