ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا: سێ ئەمریکییەکە لە شوقەیەکی گومانلێکراودا رفێندراون

وەزارەتی ناوخۆ: ناتوانین ئاشکرای بکەین لە چ روویەکەوە گومالێکراوە

K24

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا رایگەیاند ئەو سێ ئەمریکییەی کە پێشتر لە ناوچەی دۆرە لە بەغدا رفێندران لە شوقەیەکی گومانلێکراودا رفێندراون.

عەمید سەعد معەن، گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا، ئەمڕۆ دوشەممە، لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد کە: "ئەو سێ کەسەی کە ناسنامەی ئەمریکیان هەیە لە شوقەیەکی گومانلێکراودا لە گەرەکی سیحە لە ناوچەی دۆرە لە باشووری بەغدا رفێندراون".

عەمید سەعد معەن گوتیشی: "هێزە ئەمنییەکان دەستیان بە گەڕان کردووە و رێوشوێنی پێویستیان گرتووەتە بەر بۆ دۆزینەوەی رفێندراوەکان".

یوسف ئەلعەبادی، لە راگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە لێدوانێکی تایبەت بە ماڵپەڕی (کوردستان 24) گوتەکانی گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدای پشتراست کردەوە و ئامادە نەبوو هیچ روونکردنەوەیەک بدات لەبارەی ئاخۆ ئەو شوقەیەی کە ئەمریکییەکانی تێدا رفێندراوە لە چ روویەکەوە گومانلێکراوە لە رووی ئەمنیی یان لە رووی دیکەوە، بەڵام ئەوەندەی گوت: " ناتوانین ئاشکرای بکەین لە چ روویەکەوە گومالێکراوە، چونکە لێکۆڵینەوە بەردەوامە و ئاشکراکردنی زانیارییەکان زیان بەو لێکۆڵینەوانە دەگەیەنێ".

هاوکات جۆن کێربی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند: "ئێمە ئاگاداری ئەو راپۆرتەین لە بارەی دیارنەمانی چەند هاوڵاتییەکی ئەمریکا لە عێراق، ئاسایش و سەڵامەتیی ئەمریکییەکان لە دەرەوەی گرنگییەکی هەرە لە پێشە بۆ ئێمە، بۆیە بە هەماهەنگیی لەگەڵ دەسەڵاتداریی عێراق کاردەکەین بۆ دیاریکردنی شوێنیان و گەڕاندنەوەی ئەو هاوڵاتیانە".