سنە: لە ماوەی 9 مانگدا 350 كەس بە رووداوی ھاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە

رێژەی گیان لەدەستدان لەو پارێزگایە بە ھۆی رووداوی ھاتوچۆ 20% زیادیكردووە

 

K24- سنە

پزشكی دادوەری پارێزگای سنە لە رۆژھەڵاتی كوردستان، رایگەیاند، تەنیا لە ماوەی 9 مانگدا زیاتر لە 350 كەس بە ھۆی رووداوی ھاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە، بەمەش بە بەراورد لەگەڵ ساڵی پێشتردا، رێژەی گیان لەدەستدان لەو پارێزگایە بە ھۆی رووداوی ھاتوچۆ 20% زیادیكردووە.

بە گوێرەی ئامارەكانی پزشكیی دادوەری سنە، 44 كەس لە ناو شار، 283 كەس لە دەرەوەی شار و 27 كەسیش لە رێگاكانی سەر بە گوندەكان گیانیان لە دەستداوە.

بە بەراورد لە گەڵ ساڵی رابردوو، ژمارەی بریندارەكانی رووداوی ھاتووچۆش، لە 3 ھەزار و 992 بریندارەوە، گەیشتووەتە 4 ھەزار 157 كەس، بەمەش رێژەی بریندارەكانی ھاتوچۆ لەو پارێزگایە تەنیا لە 9 مانگدا 4% زیادیكردووە.

پزشكی دادوەری پارێزگای سنە ئەوەشی خستووەتەڕوو، "لە ماوەی 8 مانگی رابردوودا، ناوی 699 كۆچكردوویان تۆماركردووە، كە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی پێشتر 7.5% زیادیكردووە، لە كۆی ئەو ژمارەیە 551 كەسیان پیاو و 148 كەسیشیان ژن بوون".

بەرپرسانی ئەو پارێزگایە خراپی رێگەوبان،  ژمارەی زۆری ئۆتۆمبیلی كۆن بە ھۆكارە سەرەكییەكانی زیادبوونی رووداوەكانی ھاتوچۆ لە پارێزگای سنە دەزانن.