مامۆستایانی دھۆك گردبوونەوە

یەكێتی مامۆستایان: دڵنیا كراینەتەوە ھەر كاتێك پارە ھەبێت تەواوی مووچەكە خەرج دەكرێت
kurdistan24.net

- K24 دھۆك:

بە مەبەستی دەربڕین ناڕەزایەتی لە دژی بڕیاری وەزارەتی دارایی بۆ پێدانی نیو مووچەی مانگی ئەیلولی ساڵی2015، ژمارەیەك لە مامۆستایانی دھۆك گردبوونەوەیەكیان رێكخست.

مامۆستایەكی بەشداربوو لە گردبوونەوەكە بە ( كوردستان24)ی راگەیاند: "لەو گردبوونەوەیەدا ناڕەزایەتی خۆمان دەردەبڕین لە دژی بڕیاری پێدانی نیو مووچە، چونكە بە وەرگرتنی نیو مووچە ھیچ كام لە پێداویستیەكانی پێ چارەسەر ناكرێت، دەبێ ئەوەش دیار بكرێت كەی نیوەكەی دیكە دەدرێت".

ئەو مامۆستایە گوتیشی: "ھەرچەندە بڕیار نیە بایكۆتی دەوام بكەین، بەڵام گەر ئەو بارودۆخە بەردەوام بێت، لە دەست ئێمەیە نییە وای لێدێت مامۆستا دەوام نەكەن، چونكە گەر مامۆستا كرێی ھاتووچۆ یان پارەی بەنزینی ئۆتۆمبێلی نەبوو چۆن دەچێتە دەوام؟ بۆیە دەبێ حكومەت چارەسەری بۆ ئەو دۆخە ھەبێت".

سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی لقی دھۆك، كە شوێنی گردبوونەوەكە بوو پشتیوانی داخوازی مامۆستایانی كرد و رایگەیاند: "سكرتاریەتی یەكێتی مامۆستایان بەردەوام لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە و سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران لەسەر خەتن، دڵنیا كراینەتەوە ھەر كاتێك پارە ھەبێت تەواوی مووچەكە خەرج دەكرێت".

دوێنێ سەرۆكایەتی حكومەتی ھەرێمی كوردستان لە رونكردنەوەیەكدا رایگەیاند، كە ئەو "پروپاگەندانە" راست نین كە دەگوترێت تەنھا نیوەی مووچەی مامۆستایان دەدرێت، ھەر كاتێك قەیرانی دارایی رێگەیدا نیوەكەی دیكەی مووچەی مامۆستایان دابەش دەكرێت.