چاودێرێكی سیاسی: باشتر وایە یەكێتی بپڕژێتە سەر كێشە قوڵەكانی ناوخۆی

كادیرێكی یەكێتی:كێشەی حزبەكەمان ئەوەیە لە جیاتی ناو مەكتەبی سیاسی كێشەكان لە لاپەڕەی رۆژنامە و گۆڤار و سایتەكان ئاشكرای دەكات
kurdistan24.net

K24 – سلێمانی:

چاودێرێكی سیاسی لەبارەی پڕۆژەكانی یەكێتی بۆ چارەسەری كێشەكانی ھەرێمی كوردستان ئاماژە بۆ ئەوە كرد، باشتر وایە یەكێتی بپڕژێتە سەر كێشە قوڵەكانی ناوخۆی.

لە لێدوانێكی تایبەت بۆ (كوردستان24) لوقمان عەلی، چاودێری سیاسی لە بارەی ئەو پڕۆژانەی كە یەكێتی بۆ چارەسەری كێشەكانی ھەرێمی كوردستان دەیانخاتەڕوو رایگەیاند: "باشتر وایە یەكێتی جارێ بپڕژێتە سەر ئەو كێشە قوڵانەی ناوخۆی چونكە لەئەنجامدا كاتێك لەوانەیە كێشەكان چارەسەر بكرێن، ئەم خۆی لەبەر یەك ھەڵوەشاوەتەوە".

دوای گوتەكانی كۆسرەت رەسوڵ، جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا، لە بارەی كێشە ناوخۆییەكان حزبەكەی چەند رستەیەكی ئاراستەی باڵەكەی دیكەی یەكێتی كردبوو كە بە باڵی دەستڕۆیشتوو ناسراون، تیێدا باسی لەوە كردووە كە قورخكردنی یەكێتی لە كەس قبوڵ ناكەن، لەگەڵ بەرھەم ساڵح و ئەندامانی مەكتەبی سیاسی، بەردەوام دەبن لە راییكردنی كارەكانی حزبەكەیان.

ھەندێك لە كادیرو ئەندامانی یەكێتی نیگەرانن لە لێدوان و دیمانە رۆژنامەوانییەكانی بەرپرسەكانیان و پێیانوایە دەكرێت كێشەكانیان لە ناو دامەزراوە حزبیەكانیان باس بكەن نەك لە كەناڵەكانی راگەیاندن.

كاروان ئەنوەر، ئەندامی مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی نیشمانی كوردستان، لە سەر دۆخی ناوخۆی حزبەكەی بۆ (كوردستان24) گوتی: "كێشەی حزبەكەی ئێمە ئەوەیە كێشە ناوخۆییەكانی لە جیاتی لە ناو مەكتەبی سیاسی و ئەنجوومەنی سەركردایەتی خۆیدا چارەسەر بكات، لە سەر لاپەڕەی رۆژنامە و گۆڤار و وێب سایتەكان ئاشكرای دەكات".

دوای نەخۆشكەوتنی جەلال تاڵەبانی، سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كێشە ناوخۆییەكانی ئەو حزبە زیاتر پەرەیان سەندووە، لە ئێستادا جێگر و ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی یەكێتی بەسەر دوو بەرەی سەرەكی دابەشبوونە، بەرەیەكیان لە لایەن كۆسرەت رەسوڵ و بەرھەم ساڵح، جێگرانی سكرتێری گشتی یەكێتی رابەرایەتی دەكرێت، كە پێیانوایە دەستەڵات و سامانی حزبەكەیان شەفاف نیە و قورخكراوە دەبێت چاكسازی بكرێت، بەرەكەی دیكە كە بە باڵی دەستڕۆیشتوو ناسراوە لە لایەن ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد، ھاوسەری تاڵەبانی رابەرایەتی دەكرێت.