هه‌فته‌ی داهاتوو حكوومه‌ت پلانی تێپه‌ڕاندنی قه‌یرانی دارایی ده‌خاته‌ڕوو
K24 – هه‌ولێر:
به به‌شداریی پارێزگاره‌كانى هه‌ولێر، هه‌ڵه‌بجه و دهۆك، ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان كۆبوویه‌وه، پارێزگارى سلێمانیش نه‌یتوانى له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا به‌شدار بێت.
له‌و كۆبوونه‌وه‌یه، سه‌رۆك وه‌زیران، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "كۆبوونه‌وه‌كه تایبه‌ته به دۆخى دارایى و چۆنیه‌تیى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى قه‌یرانه‌كه و ئه‌و هه‌نگاو و ڕێكارانه‌ى كه حكوومه‌ت بۆ چاره‌سه‌رى ده‌یانگرێته به‌ر".
له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێم روونیكرده‌وه، "دۆخەكە نه‌ك ته‌نیا له‌سه‌ر هه‌رێمى كوردستان، به‌ڵكوو كاریگه‌ریى خراپى له‌سه‌ر وڵاتانى گه‌وره‌ش هه‌یه، هه‌موو ئه‌و وڵاتانه‌ى پشت به داهاتى نه‌وت ده‌به‌ستن زیانیان له‌م قه‌یرانه بینیوه".
نێچیرڤان بارزانی، هۆكاره‌كانی قه‌یرانی دارایی هه‌رێمی روونكرده‌وه، رایگه‌یاند: "بڕینى بودجه له‌لایه‌ن حكوومه‌تى عیراق، شه‌ڕى داعش، په‌ناهێنانى زیاتر له ملیۆنێك و هه‌شت سه‌د هه‌زار ئاواره و په‌نابه‌ر بۆ هه‌رێمى كوردستان و دابه‌زینى نرخى نه‌وت، هه‌موو ئه‌وانه یه‌ك به‌دواى یه‌كدا كاریگه‌ریى خراپیان له‌سه‌ر دۆخى دارایی هه‌رێمى كوردستان دروست كرد و ڕێژه‌ى داهات زۆر له خه‌رجییه‌كان كه‌متر بووه‌وه".
دووپاتیكرده‌وه، "حكوومه‌ت له خراپى بارودۆخه‌كه و بارقورسیى هاووڵاتیان تێده‌گات، بۆ ئه‌مه‌ش حكوومه‌ت ده‌بێ بڕیار بدات به‌و بڕه داهاته‌ى كه هه‌یه‌تى، ئیداره بكرێت".
سه‌رۆك وه‌زیران هه‌روه‌ها تیشكى خسته سه‌ر ئه‌وه‌ى، "هه‌رێمى كوردستان ناتوانێت پاره چاپ بكات، ناتوانێت قه‌رز بكات".
له به‌رده‌وامیى قسه‌كانیدا نێچیرڤان بارزانی، گوتى: "له پێداویستییه‌كانى وه‌زاره‌ته‌كان و پارێزگاكان تێده‌گه‌ین، بۆ تێپه‌ڕانى دۆخه‌كه‌ش پێویستیمان به هاوكاریى هه‌موو لایه‌ك هه‌یه".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "ده‌بێ ڕاستگۆ بین، له ڕووى كارگێڕیى و داراییه‌وه كه‌موكوڕیمان هه‌بووه، ده‌بێ ته‌قه‌شوف و ده‌سپێوه‌گرتن بكه‌ین و هه‌ندێ بڕیارى قورس بده‌ین، به‌ڵام ئه‌مه به‌س نییه و ده‌بێ له‌گه‌ل ئه‌مه چاكسازیى جددى بكه‌ین".
لاى خۆیه‌وه قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆك وه‌زیران، پوخته‌یه‌كى ده‌رباره‌ى دۆخه‌كه و ئه‌و هه‌نگاوانه پێشكه‌ش كرد كه له‌لایه‌ن حكوومه‌ته‌وه بۆ ڕووبه‌ڕوونه‌وه و تێپه‌ڕاندنى ئه‌م دۆخه نراون.
له به‌شێكی قسه‌كانیدا، جێگری سه‌رۆكی حكوومه‌ت، قوباد تاڵه‌بانی رایگه‌یاند: "بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه و چاره‌سه‌ركردنى دۆخه‌كه، سه‌رۆكایه‌تیى حكوومه‌ت و لایه‌نه په‌یوه‌نداره‌كان به‌رده‌وام له كۆبوونه‌وه و به‌دواداچووندان".
جێگرى سه‌رۆك وه‌زیران، باسى له‌وه‌كرد، "ده‌بێ ئه‌وه‌ش ڕوون بێت كه ته‌قه‌شوف هیچ په‌یوه‌ندییه‌كى به چاكسازییه‌وه نییه و ته‌قه‌شوف و ده‌ستپێوه‌گرتن، چاكسازى نین".
جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه، "به‌شێكى هه‌نگاوه‌كانى چاكسازى بریتى ده‌بێت له پێداچوونه‌وه و نه‌هێشتنى چه‌ندمووچه‌یى و بندیوار و دابینكردنى دادپه‌روه‌رى له مووچه‌دا".
روونیكرده، "بۆ هاتنه‌ئاراى هاوسه‌نگى له داهات و خه‌رجییه‌كان، پشتگیریى دارایى بۆ سووته‌مه‌نى له كه‌رتى كاره‌با كه‌مده‌كه‌ینه‌وه، ئه‌مه له‌گه‌ڵ نه‌هێشتن و چاره‌سه‌ركردنى نادادپه‌روه‌رى له سیسته‌مى مووچه‌دا".
لاى خۆیانه‌وه وه‌زیران و پارێزگاران به چه‌ندین باس و سه‌ره‌نج و تێبینى، ڕوونكردنه‌وه‌یان له‌باره‌ى دۆخى ئه‌مڕۆ و قه‌یرانى دارایى پێشكه‌ش كرد.
له كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم بڕیاریدا، "ڕۆژى شه‌ممه‌ى داهاتوو وۆركشۆپێك بۆ هه‌موو وه‌زاره‌ته‌كان به به‌شداریى وه‌زیران و پسپۆڕانى وه‌زاره‌ت ساز بكرێت".
حكوومه‌تی هه‌رێم گوتی: "له‌و وۆركشۆپه‌دا به وردى دۆخه‌كه شى ده‌كرێته‌وه و پلانى حكوومه‌ت بۆ چۆنیه‌تیى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه و تێپه‌ڕاندنى قه‌یرانه‌كه، ده‌خرێته‌ڕوو".
سه‌رچاوه: ماڵپه‌ڕی KRG