پارتى له‌ پرۆژه‌كه‌ى يه‌كێتيى ده‌كۆڵێته‌وه‌

"لەگەڵ یەكێتیی دەگەینە رێككەوتن"
kurdistan24.net

K24- ھەولێر:

كاكەمین نەجار، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، خەریكی شیكردنەوەن بۆ ئەو پڕۆژەی كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ رێككەوتنێكی نوێ پێشکەشی پارتی کردووە، ئاماژەی بۆ ئەوەكرد کە لەگەڵ یەكێتیی دەگەن بە رێككەوتن.

لە میانی بەشداریكردنیدا لە بەرنامەی باسی رۆژی (كوردستان24) كاكەمین نەجار راشیگەیاند: "ئەو رێككەوتننامەی لە نێوان پارتی و یەكێتیی ھەبوو كۆن بووە و زۆر لە بەندەكانی بەسەرچوونە، یەكێتیی و ئێمەش پێمان باش بوو رێككەوتننامەكە نوێ بكەینەو، یەكێتیی پڕۆژەی رێكکەوتنێكی نوێی داوەتە پارتی ئێمەش خەریكی شیكردنەوەین بۆ ناوەرۆكی پڕۆژەكە".

سەرکردەکەی پارتی گوتیشی: "رێككەوتنی پێشوومان بەسەر نەچووە، بەڵام ھەندێك شت بەسەر چووە و ھەندێك شتی تازەش ھاتوونەتە پێش، بۆیە پێویستە گۆڕانكاریی تێدا بكرێت، بە بڕوای من ئەو خاڵانەی یەكێتیی نووسیویانە لە پڕۆژەكەدا زۆربەیان لەسەری ھاوڕا دەبین و ھەندێكیشیان پێویستیان بە گفتوگۆ ھەیە، بڕوام وایە لەگەڵ یەكێتیی دەگەینە رێككەوتن".

لە بارەی یەكێك لە خاڵەكانی نەخشە رێگاكەی یەكێتیی بۆ نوێكردنەوەی رێككەوتنی نێوان پارتی و یەكێتیی كە تێیدا باس لە دابەشكردنی پۆستەكانی ھەرێمی كوردستان كراوە، كاكەمین نەجار ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "ناكرێت پێش ھەڵبژاردن باسی پۆست دابەشکردن بكەین، لە پڕۆژەكەدا باسی پۆستی سەرۆك كۆمار نەكراوە، چونكە لە بەغدا كۆمەڵێك پۆست ھەن ئەگەر لە بەغدا دەمێنینەوە دەبێ باسی پۆستەكانی ئەوێش بكرێت".

لە بارەی پەیوەندییەكانی پارتی و گۆڕان كاكەمین نەجار، ئەوەی خستەڕوو: "لە سەرەتاوە گۆڕان كە ھاتە ناو حكوومەت ھەر بە دیدی ئۆپۆزسیۆن كاریان دەكرد، تا گەیشتە ئەوەی كە روویدا، راستە لەگەڵ گۆڕان رێككەوتنمان ھەبووە بۆ پێكھێنانی حكوومەت و پەرلەمان، بەڵام ئەو رێككەوتنە كۆتایی پێھاتووە، بۆ دانووستاندن لەگەڵ گۆڕان پێشتر رامانگەیاندووە، ئامادەین دانووستان بكەین، بەڵام نە پێش مەرجمان هەیە بۆ كەس نە پێش مەرجی كەس قبوڵ دەكەین".

ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی راشیگەیاند کە: "بۆ یەكخستنەوەی ماڵی كورد پێویستە ھەموومان واز لە بەرژەوەندی حزبی بێنین بە دەنگ بەرژەوەندییە نیشتیمانییەكانەوە بچین، جگە لە قەیرانی دارایی بارودۆخی ناوچەكە لە خراپیدایە".