لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی: ژیانی 200 هه‌زار كوردی باكوور له مه‌ترسیدایه
K24 - هه‌ولێر:
رێكخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی" ئه‌منێستی ئینته‌رناشناڵ"، له دوایین راپۆرتی خۆیدا، له باره‌ی توركیاوه ده‌ڵێت "ئه‌و وڵاته سزای به كۆمه‌ڵی كورد ده‌دات".
رێكخراوه‌كه له راپۆرته‌كه‌یدا، ده‌سه‌ڵاتدارانی توركیا به به‌كارهێنانی هێزی ئه‌منی و سه‌ربازی، له‌ناوچه‌كانی باكووری كوردستان تۆمه‌تبار كردووه و باس له‌وه ده‌كات، كه ئه‌و وڵاته له رێگای هێزی سه‌ربازییه‌وه، سزای به كۆمه‌ڵی كوردی داوه.
رێكخراوه‌كه، رۆژی 21ی كانوونی دووه‌م/ یه‌نایه‌ری 2016، راپۆرته‌كه‌ی خۆی بڵاوكرده‌وه و تێیدا ئاماژه‌ی به‌وه كردووه، توركیا پرۆسه‌ی چه‌كداری له باكووری كوردستان ئه‌نجامده‌دات و قه‌ده‌غه‌ی هاتووچۆی راگه‌یاندووه، رێگای نه‌داوه هاووڵاتییانی كورد ده‌ستییان به كه‌لوپه‌لی ته‌ندروستی و ئاوی خواردنه‌وه بگات، رێكخراوه‌كه ئه‌و كرده‌وانی به "سزای به كۆمه‌ڵ" وه‌سفكردووه.
لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی، كه نووسینگه‌ی سه‌ره‌كی له له‌نده‌نه، هۆشداری له باره‌ی ره‌وشی ئه‌و ناوچانه داوه و راگه‌یاندووه، به‌هۆی پرۆسه سه‌ربازییه‌كانه‌وه، هاووڵاتییانی باكووری كوردستان رووبه‌ڕووی ره‌وشێكی سه‌ختبوونه‌ته‌وه.
رێكخراوه‌كه له راپۆرته‌كه‌یدا ده‌ڵێت: "چاودێرانی رێكخراوه‌كه به‌هۆی پرۆسه سه‌ربازییه‌كان و قه‌ده‌غه‌كردنی هاتووچۆ، نه‌یانتوانیوه سه‌ردانی به‌شێك له ناوچه كوردییه‌كان بكه‌ن له توركیا".
به گوێره‌ی ئاماری رێكخراوه‌كه‌ش، ژیانی زیاتر له 200 هه‌زار كه‌س رووبه‌ڕووی مه‌ترسی بوونه‌ته‌وه.
له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، جۆن داڵهۆزن، به‌ڕێوه‌به‌ری به‌رنامه‌ی ئه‌ورپا و ئاسیای ناوه‌ڕاست له رێكخراوه‌كه، گوتی: "بڕینی ئاو و كاره‌با هاوكاته له‌گه‌ڵ ئه‌و مه‌ترسییانه‌ی په‌یوه‌ندییان به گه‌یشتنی خۆراك و پێداویستییه ته‌ندروستییه‌كانه‌وه، كاریگه‌ری وێرانكه‌رییان له‌سه‌ر دانیشتووانی ناوچه‌كه هه‌یه".
دالهۆزن هه‌روه‌ها گوتی: "ره‌نگه ئه‌و كێشانه گه‌وره‌تر بن، ئه‌گه‌ر ره‌وشه‌كه به زوویی چاره‌سه‌ر نه‌كرێت".