ئه‌ڵمانیا.. پاره‌ی په‌نابه‌ران سنووردار ده‌كات
K24 - به‌رلین:
دوو هه‌رێمی ئه‌ڵمانیا، ئاماده‌كاری بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن، هاوشێوه‌ی دانیمارك و سویسرا، په‌نابه‌ران له سه‌رجه‌م ئه‌و پاره و داراییانه دابماڵن كه هه‌یانه.
يواكيم هێرمان، وه‌زیری ناوخۆی هه‌رێمی بایرن، ئه‌مڕۆ پێنجه‌شه‌ممه 21ی كانوونی دووه‌م/ یه‌نایه‌ری 2016، بۆ رۆژنامه‌ی "بیڵد"ی ئه‌ڵمانی گوتی: "هه‌ر په‌نابه‌رێك كه رووده‌كاته هه‌رێمی بایرن نابێت له 750 یۆرۆ (800 دۆلار) زیاتری پێبێت، به پێچه‌وانه‌وه ده‌ستی به‌سه‌ردا ده‌گیرێت".
هه‌رچی له هه‌رێمی بادن فۆرتیمبێرگه، هه‌ر په‌نابه‌رێك بۆی نییه زیاتر له 350 یۆرۆ (400 دۆلاری) پێبێت، وڵاتی سویسراش رێگای داوه هه‌ر په‌نابه‌رێك تا 1000 فرانكی پێبێت (1000 هه‌زار دۆلار), هه‌ر په‌نابه‌رێك له‌و بڕه پارانه زیاتری پێبێت، لێی وه‌رده‌گیرێت و سه‌ره‌تا له‌سه‌ر ئه‌و پاره‌یه خزمه‌تگوزارییه‌كانی بۆ دابین ده‌كرێت.
به گوێره‌ی یاسای په‌نابه‌رێتی ئه‌ڵمانیا، په‌نابه‌ران بۆیان هه‌یه سوود له خزمه‌تگوزارییه‌كانی حكوومه‌ت وه‌ربگرن، به‌ڵام به گوێره‌ی بڕیاره نوێیه‌كانی ئه‌و دوو هه‌رێمه، له‌مه‌ودوا پێویسته په‌نابه‌ران، پاره‌كانی خۆیان له‌و خزمه‌تگوزارییانه سه‌رف بكه‌ن كه حكوومه‌ت بۆیان دابین ده‌كات.
رۆژنامه‌كه له زاری ئایدان ئۆزگۆر، وه‌زیری كۆچ و په‌نابه‌رانی ئه‌ڵمانیا گواستوویه‌ته‌وه، هه‌ر كه‌سێك داوای مافی په‌نابه‌رێتی له ئه‌ڵمانیا بكات، پێویسته سه‌ره‌تا پاره‌كانی خۆی به‌كاربهێنێت به‌ر له‌وه‌ی هاوكارییه‌كانی پێشكه‌ش بكرێت و ئه‌و بڕیاره‌ش به ته‌نیا پاره ناگرێته‌وه، به‌ڵكو زێڕ و خشڵیشیان لێوه‌رده‌گیرێت.
پێشتر هه‌ریه‌ك له نه‌رویج و دانیمارك، سه‌رجه‌م ئه‌و پاره‌و خشڵ و زێڕانه‌یان له په‌نابه‌ران وه‌رگرته‌وه كه له‌كاتی چوونییان بۆ ئه‌و وڵاتانه پێیان بووه، حكوومه‌ته‌كانی ئه‌و دوو وڵاته‌ش رایانگه‌یاند ئه‌و پاره‌یه‌ی له په‌نابه‌ران وه‌رده‌گیرێت، له شوێنی حه‌وانه‌وه و پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاریدا خه‌رج ده‌كرێت.