سیناتۆرێك: ئێران گاڵتە بە سوپای ئەمریكا دەكات

"دەسەڵاتدارانی ئێران بڕیاریانداوە پارەكەیان بۆ دابینكردنی چەك بەكار بێنن، نەك بۆ نانی خەڵك"

K24 – واشینتۆن:

وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، جۆن كیری لە میانەی بەشداری لە كۆڕبەندی داڤۆس رایگەیاند: "ھەرچەندە لەوانەیە، بەشێكی بەرچاو لە پارەی ئازاد كراوی ئێران بگەڕێتەوە دەست سوپای پاسداران و ئەو گرووپە ئێرانییانەی پاڵپشتی تیرۆریستەكان دەكەن، بەڵام چالاكییەكانی ئێران لە ناوچەكە پەیوەندی بە داھاتی ئەو وڵاتەوە نییە".

دوای جێبەجێكردنی رێككەوتنی ناووكی ئێران و وڵاتانی 5+1، بەشێكی بەرچاو لە پارە دەستبەسەرداگیراوه‌‌كانی ئێران درانه‌وه‌ به‌و وڵاته‌، سەبارەت بە چارەنووسی ئەو پارە ئازاد كراوانەش، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، لە كۆڕبەندی ئابووری داڤۆس گوتی: "ھەرچەندە سوپای پاسداران سكاڵای تۆمار كردووە كە پارە ئازاد كراوەكەی ئێران بەدەستیان ناگات، بەڵام بە بڕوای من بەشێكی بەرچاو لەو پارەیە دەگەڕێتەوە دەست سوپای پاسداران".

گوتیشی: "دەبێت راشكاوانە بڵێم، دیار نییە بڕی چەند لەو پارەیە دەگەڕێتەوە دەست سوپای پاسداران، بەڵام پێموایە، چالاكییەكانی ئێران لە ناوچەكە پەیوەندی بە پارەوە نییە، چونكە بنەمای سیاسەتی ئێران لە ناوچەكە پەیوەندییەكی ئەوتۆی بە پارەوە نییە".

دووپاتیشیكرده‌وه‌: "ئەگەر به‌ به‌ڵگه‌ سه‌لمێندرا ئێران پێداویستی بۆ گرووپە تیرۆریستەكانی ناوچەكە دابینده‌كات، بێگومان كۆنگرێسی ئەمریكا بە جدی رووبەڕوویان دەبێتەوە".

وەزیری دەرەوەی ئەمریكا رەتیكردەوە بڕی ئەو پارەیەی دەگەڕێتەوە ئێران 100 بۆ 150 ملیارد دۆلار بێت و گوتی: "بڕی پارەكه‌، 55 ملیار دۆلارە".

ھاوكات سیناتۆر كیلی ئایوت سەر بە كۆماریخوازەكان رەخنەی لە وەزیری دەرەوەی ئەمریكا گرت و گوتی: "باس لە شتی ئاشكرا دەكەین، ئێوە نەتاندەزانی ئێران تەنانەت ئەو كاتەی ئابوورییەكه‌ی لەو پەڕی خراپییشدا بوو، یارمەتی تیرۆریستەكانی دەدا؟ دەسەڵاتدارانی ئێران بڕیاریانداوە پارەكەیان بۆ دابینكردنی چەك بەكار بێنن، نەك بۆ نانی خەڵك".

ئایوت گوتیشی: "ئێوە پێتانوابوو پاڵپشتیكردن لە رێككەوتنی ناووكی ئێران و وڵاتانی 5+1، باڵی ریفۆرمخواز لە ئێران بەھێز دەكات، لە كاتێكدا ئەنجوومەنی شوورای نیگھەبان بە لێشاو رەتیكردنەوە".

ھەروەھا، سیناتۆر جۆن مەككین، رەخنەی لە رەوشی مافی مرۆڤ لە ئێران گرت و گوتی: "ئێران ئێستا دەسەڵاتی بەسەر یەمەن و سووریا دا ھەیە، ئێران گاڵتە بە سوپای ئەمریكا دەكات(مەبەستی دەستگیر كردنی 10 سەربازی ھێزی دەریایی ئەمریكا لە لایەن ئێرانەوەیە)، بەڵام وەزیری دەرەوەی ئەمریكا سوپاسیان دەكات. كارەكانی ئێران دژی یاسا نیودەوڵەتییه‌كانه‌ بۆ هاتوچۆی ئازادی گه‌شتی ده‌ریایی".

تەنیا چەند كاتژمێر دوای راگەیاندنی جێبەجێكردنی رێككەوتنی ناووكی ئێران و وڵاتانی 5+1، حكوومەتی ئەمریكا گەمارۆی نوێی خستە سەر بەرنامەی مووشەكی بالیستیی ئێران.