مالیكی: نیشانه‌كانی دابه‌شكردنی عێراق ده‌ركه‌وتووه
K24 - به‌غدا:
سكرتێری گشتی حزبی ده‌عوه‌ی ئیسلامی و سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی ده‌وڵه‌تی یاسا رایگه‌یاند، دوای ئه‌وه‌ی پیلانی كه‌وتنی به‌غدا شكستی هێنا، ئێستا نیشانه‌كانی دابه‌شكردنی عێراق ده‌ركه‌وتووه.
نووری مالیكی، كه پێشتر له پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقدابووه و به گوێره‌ی راپۆرتی لێژنه‌ی به‌دواداچوون له كه‌وتنی موسڵ، به‌رپرسیاری یه‌كه‌می كه‌وتنی پارێزگاكه‌یه، ئه‌مڕۆ هه‌ینی 22ی كانوونی دووه‌م/ یه‌نایه‌ری 2016 رایگه‌یاند، چه‌كدارانی حه‌شدی شه‌عبی قوربانی و شه‌هیدیان بۆ عێراق و پاراستنی به‌غدا داوه.
مالیكی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، پێشتر پیلانی ئه‌وه هه‌بوو، به‌غدا بكه‌وێت و له رێگایه‌وه له پرۆسه‌ی دیموكراسی بدرێت و په‌ك بخرێت.
هه‌روه‌ها گوتی: "به قوربانیدانه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی، لاپه‌ڕه‌ی یه‌كه‌می پیلانگێڕیمان هه‌ڵدایه‌وه، به‌ڵام ئه‌مڕۆ پێویستی لاپه‌ڕه‌ی دووه‌می ئه‌و پیلانگێڕییه‌ش هه‌ڵبده‌ینه‌وه، كه ئه‌ویش دابه‌شكردنی و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی عێراقه كه ئێستا نیشانه‌كانی ده‌ركه‌وتووه".
به‌شێك له سیاسه‌تمه‌دارانی عێراق، مالیكی به رپرسی یه‌كه‌می كه‌وتنی موسڵ و هاتنی چه‌كدارانی داعش بۆ ئه‌و پارێزگا سووننه مه‌زهه‌به داده‌نێن و راپۆرتی لێژنه‌ی كه‌وتنی موسڵ له په‌رله‌مانی عێراق به‌رپرسیاری یه‌كه‌می داناوه.