چی له‌سه‌ر شه‌قڵوجه‌ ده‌زانی!

Kurd24

K24- شه‌قڵاوه‌
خه‌ڵكی شاری شه‌قڵاوه‌، به‌ تێكه‌ڵ كردنی ناوی شاره‌كه‌یان له‌گه‌ڵ "فه‌لوجه‌" كردوویانه‌ به‌ "شه‌قڵوجه‌، ئه‌مه‌ش وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك كه‌ عه‌ره‌بێكی زۆر له‌و شاره‌ نیشته‌جێبوون.

 

لە گەڵ ھاتنی ئاوارەكان بۆ ھەرێمی كوردستان، بە تایبەت ئاوارەكانی ناوەراستی عێراق، ھاووڵاتیان لە شارۆچكەی شەقڵاوە گلەییان زۆرە لە بوونی ئەم ئاوارانە و لایەنی ئیداریش خەڵك دڵنیا دەكەتاوە كە سەرجەم ئاوارەكان ناویان لە بنكەكانی ئاسایش تۆمار كراوە و مەترسییەكیان نییە بۆ سەر ھاووڵاتیان.

شارۆچكەی شەقڵاوە، لە ماوەی ساڵی رابردووەوه‌ سیمایەكی جیاوازی بە خۆیەوە گرتووە، گەرچی ھاوینەھەوارێكی گەشتیارییە، بەڵام ھاووڵاتیەك باسی لەوە دەكرد كە لە ساڵانی رابردووش خەڵكی بیانی سەردانی ئێرەیان دەكرد بەڵام ئەمساڵ ئەوان وەك گەشتیار نەھاتوون، بەڵكوو ئاوارەن و ئەمەش تا رادەیەك كاریگەری ھەبووە لە سەر سیمای شارەكە و بەرزكردنەوەی نرخەكان.
هاووڵاتیه‌كی خه‌ڵكی شه‌قڵاوه‌ ده‌ڵێ: "30% ئەم بازاڕە بە عەرەب كراوە، ئێسته‌ لەم ریزە دوكانە، تەنیا من كوردم ھەمووی عەرەبە. ئەوانە وای كردووە كە كرێێی دوكانمان بەرز بێتەوە و ئەوندەی عەرەبی لێیە كورد نییە و كورد نابینن"
خاوەنی نووسیگەیەكی كرین و فرۆشتنی خانوو بەرەش باسی لەوە كرد كە خێزانە عەرەبەكان زۆر سەردانی دەكەن، بۆ بە كرێگرتنی خانوو و پارەیەكی زۆریش دەدەن بە خاوەن ماڵ، لە كاتێكدا خێزانێكی كورد ئەم پارەی نییە تاوه‌كوو بتوانێ خانویەك بە كرێ بگرێ.
ھاووڵاتیه‌كی دیكه‌ی ئه‌و شاره‌ قسه‌ بۆ (K24) ده‌كات و ده‌ڵێ: "مانگانە 200 تا 300 خێزانی عەەب دێنە لای من بۆ خانوبەرە، ئێسته‌ پێشمەرگەیەك لای من بوو 200 ھەزاری دەتوانی بدا بۆ كرێی بەڵام عەرەبەكان تا یەك میلیۆنیش ده‌توانن بده‌ن، ئەوان وایان كردووە نرخەكان بەرز ببێتەوە.

ھاووڵاتیان لەوە نیگەرانن كه‌ رێژەی ئاوارەكان ئەوەندە زۆرە، شارۆچكەكە خەریكە سیمای كوردبوونی خۆی لە دەست دەدا، بەڵام قایم مەقامی ئەم شارۆچكەیە خەڵك لەوە دڵنیا دەكاتەوە كە ئەم ئاوارانە بە ھەموو جۆرێك بە تایبەت لە رووی ئەمنییەوە كاریان لە سەر كراوە و ھیچ ئاوارەیەك ناتوانێ زەوی یان خانوبەرە بكرێت و بە ناوی خۆی بكات.
رزگارحەسەن ناسر، هه‌روه‌ها ده‌شڵێ: "ئەم ئاوارانە ئیقامەیان پێدەدرێ بۆ ئەوەی بۆ ماوەیەك لەم شارۆچكەیە بمیننەوە و ھەوموویان لە لایەن دەزگه‌ ئەمنییەكانەوە ناویان تۆمار كراوە و ھەر دوو مانگ یا 3 مانگ جارێ دەبێ بێن و ناویان بنووسن و نوێی بكەنەوە و ھەركات ئێمە بۆیان نوێ نەكەینەوە ناتوانن لێرە بمێنن و شەقلاوە شوینێكی گەشتیارەییە و تەعریب نەكراوە".


بە پێی دوایین ئاماری قائم مەقامیەت و ئاسایشی شەقڵاوە تا كوو ئێستا 9385 خێزانی ئاوارە كە دەكاتە نزیكەی 50 ھەزار كەسی ئاوارە، لە شەقلاوە و دەوروبەری نیشتەجێ كراون و زیاتر لە 10 ریكخراوی كۆمەلگای مەدەنی بیانی و كوردی یارمەتی ئەم ئاوارانە دەدەن بە تایبەت لە رووی دابین كردنی پێداویستییەكانیان، ھاووڵاتیانیش لەو بروایەدان ئەم كەسانە باشتر وایە لە كەمپەكان نیشتەجێ بكرێن و تێكەڵی ژیان و ناو بازار نەبن بۆ ئەوەی سیما و دیموگرافی شوێنەكەش كوردی بمێنێتەوە.