ورده‌كارى گۆڕانى ره‌وشى كه‌شوهه‌واى كوردستان

سبەی شەوبارانبارین دەست پێدەكاتەوە، لە ناوچە شاخاوییەكان ئەگەری بەفربارین ھەیە.

K24 - ھەولێر:

بەڕێوەبەری كەشناسی و بومەلەرزەزانی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، پێشبینیدەكرێت سبەی شەو شەپۆلێكی دیكەی بارانبارین روو بكاتە ھەرێمی كوردستان و لە ناوچە شاخاوییەكان ئەگەری بەفربارین ھەیە.

له‌ لێدوانێكى تايبه‌تدا بۆ ماڵپه‌ڕى كوردستان 24، فازل ئیبراھیم، رايگەیاند، "بە گوێرەی پێشبینیيەكان سبەی شەو بارانبارین لە ناوچە شاخاوییەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی و دھۆك دەست پێدەكاتەوە، بۆ رۆژی چوارشەممە بارانبارین سەرجەم ناوچەكانی ھەرێمی كوردستان دەگرێتەوە، بەڵام بارانبارینێكی ئاسایی دەبێت".

گوتیشی: "لە ناوچە شاخاوییەكان ئەگەری بارینی بەفر ھەیە، بەڵام لە ناوچە سەنتەری شارەكان نیە".

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد لەگەڵ ئەو شەپۆلەی بارانبارین پلەكانی گەرما لە شارەكانی ھەرێمی كوردستان بەرزدەبێتەوە و دوای نیوەڕۆی رۆژی چوارشەمە كەشوھەوای كوردستان ئاسایی دەبێتەوە.

لە بارەی دابەزینی پلەكانی گەرما بەڕێوەبەری كەشناسی و بومەلەرزەزانی ھەرێمی كوردستان، گوتى: "لە شەوی رابردوودا نزمترین پلەی گەرما لە شارەدێی حاجی ئۆمەران لە سنووری پارێزگای ھەولێر و كانی ماسی لە سنووری پارێزگای دھۆك تۆماركراوە كە لە ھەردوو شوێن 13پلەی ژێر سفر بووە".