یەكێتی مامۆستایان: حكوومەت بەڵێنی پێداین مووچەی تەواو بدرێت

"لە ئایندەدا نیو مووچەی دیكەی مامۆستا و فەرمانبەران دەدرێت"
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر:

سكرتێری یەكێتی مامۆستایانی كوردستان رایگەیاند، لە كۆبوونەوەیاندا لەگەڵ سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و جێگرەكەی، بەڵێنیان پێداون كە تەواوی مووچەی مامۆستایان بدرێت.

عەبدولواحید حاجی، سكرتێری یەكێتی مامۆستایانی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "ئەو كۆبوونەوەیە لەسەر داواكاری یەكێتی مامۆستایان لەگەڵ سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و جێگرەكەی رێكخرابوو، ئەوەی گرنگ بوو لە كۆبوونەوەكەدا بەڵێنیان پێداین كە تەوای مووچە بە مامۆستا و فەرمانبەران بدرێت، گوتیان بە ھیچ شێوەیەك مووچە نییە ئێستا ئەوەندە پارە ھەبووە دراوە، ئەوەی ماوە لە ئایندەدا نیوەكەی دیكەش دەدرێت".

گوتیشی: "گفتوگۆیەكی كراوە لەسەر مووچە و تەواوی ھەلومەرجەكە كرا، پەیامی مامۆستایانمان پێڕاگەیاندن، گوتمان نیگەرانین ناكرێ مامۆستایان پێداویستیان ھەبێت و ئەركەكانی خۆیان جێبەجێ بكەن، زۆربەی ئەوانەی لە كۆبوونەوەكە بوون راشكاوانە بابەتەكانیان باسكرد، سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەشی دۆخەكەیان بۆ ئامادەبووان شیكردەوە".

روونیشیكردەوە، لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك و جێگری حكومەت بەڵێنیانداوە كە لە بڕیارەكانی چاكسازی جدی بن، لەمەودوا ئەو داھاتەی ھەیە لە ساڵی 2016، بە شێوەیەكی یەكسان دابەش دەكرێت و مووچەی مامۆستا و فەرمانبەرانی پێ دەدرێت".

لە بارەی بایكۆتكردنی مامۆستایان و فەرمانبەرانی پەروەردە لە بەڕێوەبەرایەتییەكانی پەروەردە لە سنووری پارێزگای سلێمانی گوتی: "ئەوە دەگەڕێتەوە سەر شیكردنەوەی بابەتەكە لە لایەن لقی سلێمانی یەكێتی مامۆستایان، چونكە ئەوان پێشتر بڕیاریانداوە و ھەڵوەشاندنەوەی بڕیاریش پێویستی بە شیكردنەوە ھەیە".

ئاماژەشی بۆ ئەوەكرد: : ئێمەش وەك سكرتاریەت ئەگەر بزانین ھەڵپەساردنی دەوام سوودی دەبێت، ئێستا ئەو بڕیارە دەدەین، بەڵام ئێمە لە گفتوگۆداین لەسەر ئەو بارودۆخە".

بە مەبەستی تاوتوێكردنی مووچەی مامۆستایان  و دەوامی وەرزی دووەمی خوێندن، ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت، لە شاری ھەولێر لەگەڵ سكرتاریەتی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان كۆبوونەوە.