سێرگی لاڤرۆڤ: ناكرێت تەنھا بە رێگەی سەربازی رووبەڕووی تیرۆر ببینەوە

"دژی ئەوانەش دەوەستینەوە كە لەگەڵ تیرۆر كار دەكەن"
kurdistan24.net

K24 - مۆسكۆ:

وەزیری دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، ناكرێت تەنھا بە رێگەی سەربازیی رووبەڕووی تیرۆر ببینەوە،دەبێ چارەسەری سیاسیی بدۆزینەوە بۆ ئەوەی رێگە لە تیرۆر بگرین.

سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە مۆسكۆ ئەمڕۆ رایگەیاند: "ناكرێت تەنھا بە رێگەی سەربازیی رووبەڕووی تیرۆر ببینەوە، دەبێ چارەسەری سیاسیی بدۆزینەوە بۆ ئەوەی رێگە لە تیرۆر بگرین و چیتر ئابووریی وڵاتان تێكنەدەن، ئەوان نەوتی عێراق و سووریا ھەناردەی دەرەوە دەكەن و دەیبەنە توركیا، پێویستە بیرۆكەیەك بدۆزینەوە بۆ ئەوەی ئەو وڵاتانە ئاوەدان بكەینەوە".

لاڤرۆڤ گوتیشی: "ئێمە تەنھا پارێزگاریمان لە بەرژەوەندی رووسیا نەكردووە، دەمانەوێت لەگەڵ وڵاتانی دیكە رووبەڕووی تیرۆر بوەستینەوە، دژی ئەوانەش دەوەستینەوە كە لەگەڵ تیرۆر كار دەكەن و تیرۆرستان بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەكاردێنن، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی چەند بڕیارێكی گرنگی داوە، وەك وشكردنی سەرچاوەی داراییەكانی تیرۆر، رێگریكردن لەو كەسانەی دەیانەوێت بچنە ناو تیرۆر، وەك رووسیا دەمانەوێت لە بەرامبەر ئەو بڕیارانە وەفاداربین و پشتی پێ ببەستین لە رووبەڕووبونەوەی تیرۆر".

لە بەشێكی دیكەی كۆنگرە رۆژنامەوانیەكەدا، لاڤرۆڤ گوتی: رۆڵی گرنگمان ھەبووە بۆ ھەڵگرتنی ئابڵوقەی ئابووریی لەسەر ئێران، ھەر چەندە بڕیاڕەكە لە لایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی دراوە، بەڵام رووسیا رۆڵی گرنگی ھەبوو لە چارەسەركردنی كێشەكان".