له‌ 2040دا مه‌لاريا بنبڕ ده‌كرێت

بەریتانیا بە ھاوكاری دامەزراوەی بێڵ و مێلیندا گەیتس، زیاتر لە چوار ملیار دۆلار بۆ رووبەڕووبونەوەی نەخۆشی مەلاریا تەرخان دەكەن.
kurdistan24.net

K24 – له‌نده‌ن:

بەریتانیا بە ھاوكاری دامەزراوەی بێڵ و مێلیندا گەیتس، زیاتر لە چوار ملیار دۆلار بۆ رووبەڕووبونەوەی نەخۆشی مەلاریا تەرخان دەكەن.

نەخۆشی مەلاریا، كە بەسەدان ملیۆن كەس بەدەست ئەو نەخۆشیەوە دەناڵێن و تا ئێستا زیاتر لە شەشسەد ھەزار منداڵ بەھۆی ئەو نەخۆشیەوە گیانیانلەدەستداوە.

حكومەتی بەریتانیا و بێڵ گەیتس، دامەزرێنەری مایكرۆسۆفت، بری ٤ ملیار و ٢٠٠ ملیۆن دۆلاریان بۆ بنبڕكردنی نەخۆشی مەلاریا لە جیھان تەرخانكردووە.

بەریتانیا لە رێگەی دامەزراوە تەندروستیيەكانیەوە پلانێكی درێژخایەن و گشتگیری بۆ رووبەڕووبونەوەی مەلاریا داناوە.

جۆرج ئۆبسبۆرن، وەزیری دارایی بەریتانیا گوتى: "ئێمە ٣ ملیار پاوەنمان تەرخانكردووە كە دەكاتە ٤ ملیار دۆلار. بۆ بنبڕكردنی نەخۆشی مەلاریا لە ھەموو جیھان. وەك دەبینن لێرە لە لیڤەرپوڵ جیا لەوەی كە گیانی خەڵكی رزگار دەكەین، كاردەكەین بۆ جیھانێكی تەندرووست و دوور لە مەلاریا. خەڵكیش چاوەڕێیە بزانێت ئەوە پارەیە لە چیدا خەرج دەكەین".

دامەزراوەی بێڵ و مێلیندا گەیتس، كە لەلایەن بێڵ گەیتس و مێلیندای ھاوسەریەوە بەڕێوە دەبرێت، ساڵانە و بۆ ماوەی ٥ ساڵ ٢٠٠ ملیۆن دۆلار بۆ ئەو كەمپینە تەرخان دەكەن.

بێڵ گەیتس، دامەزرێنەری مایكرۆسۆفت له‌و باره‌يه‌وه‌ گوتى: "ملاریا شتێكی زۆر ترسناكە. بەسەدان ملیۆن خەڵك بەدەستیەوە دەناڵێنن. كاریگەری زۆر خراپی كردووەتە سەر ئابووری. زیاتر لە ٦٠٠٠٠٠ منداڵ بەھۆیەوە گیانیان لە دەستداوە، نزیكەی لە سەدا ١٠ی منداڵەكان پێش تەمەنی ٥ ساڵی مردوون. لەگەڵ دامەزراوە پزیشكییە پێشكەوتوەكانی جیھان قسەمان كردوە. دڵنیاییان داوینەتێ ئەگەر ھاوكاری دارایی بكرێن بۆ ساڵی ٢٠٤٠ مەلاریا لە ھەموو جیھان بنبڕ دەكەن. چونكە منداڵانیش سەرمایەیه‌كی گەورەن بۆ ھەر وڵاتێك. ئێمەش ھاوكاریان دەبین لە بنبڕكردنی ئەم نەخۆشییە".

بەگوێرەی راپۆرتی رێكخراوی تەندروستی جیھانی ساڵی ٢٠٠٠ نزیكەی ٨٤٠٠٠٠ كەس لە ھەموو جیھاندا بەھۆی ئەم نەخۆشیەوە گیانیان لەدەستداوە.

دوای ١٥ ساڵ بەگوێرەی راپۆرتی ھەمان رێكخراو لە كانونی یەكەمی ساڵی ٢٠١٥ ئەو ژمارەیە بۆ ٢٣٨٠٠٠ كەس نزمبوەتەوە.

ئەمەش كاریگەر بوونی ئەو ھەڵمەتانە دەردەخات كە بۆ رووبەڕووبونەوەی ئەم نەخۆشییە گیراونەتە بەر.

چاوەڕوان دەكرێت بۆ ساڵی ٢٠٤٠ ئەو نەخۆشیە بەتەواوی بنبڕ بكرێت.