لوید ئۆستن: سیستمە مووشەکیییەکانی ئێران، بەباشی کارناکەن و پێشکەوتوو نین

K24 - هەولێر

وەزیری بەرگریی ئەمەریکا ڕایگەیاند، سیستەمە مووشەکییەکانی ئێران بەو شێوەیە پێشکەوتوو نین کە بەرپرسانی تاران بانگەشەی بۆ دەکەن، چونکە لە سەد مووشەکی بالیستی کە ئاراستەی ئیسرائیلیان کردبوو تەنها دوو مووشەک سنووری ئاسمانی ئیسرائیلیان بڕی.

لوید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمەریکا ڕایگەیاند، سیستمە مووشەکیییەکانی ئێران، بەباشی کارناکەن و پێشکەوتوو نین.

ئۆستن ئاماژەی بەوەش کرد، سەرووی 100 مووشەکی بالیستی لەلایەن ئێرانەوە ئاراستەی ئیسرائیل کران، تەنها دوو مووشەکیان سنووری ئاسمانی ئیسرائیلیان بڕی. هەماهەنگییەکی باش لەنێوان هاوپەیمانان بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەکە هەبوو.

وەزیری بەرگری ئەمەریکا گوتیشی: دڵنیانیم ئێران چی لەم ‌هێرشە فێر بووە، بەڵام پێویستە فێری ئەوەبن کە سیستمە مووشەکییەکانیان وەک ئەوە کارناکەن کە بانگەشەی بۆ دەکەن.

بەگوتەی ئۆستن، وایان لێک دابووەوە کە بەو هێرشانەیان زیانێکی زۆر لە ئیسرائیل بدەن بەڵام وانەبوو. پێویستە جارێکی دیکە بیربکەنەوە و هەڵسەنگاندن بۆ سیستمەکانیان بکەنەوە.

درەنگانی شەوی شەممە، 13-04-2024، نزیکەی کاتژمێر 11:00، سوپای پاسدارانی ئێران لە ڕێگەی دەیان مووشەک و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە هێرشەکەی بۆ سەر ئیسرائیل دەستیپێکرد. ئەم هێرشەی تاران لە وەڵامی کوژرانی حەوت ئەندامەکەی سوپای پاسدارانە کە لە هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر کونسوڵخانەکەی لە دیمەشقی پایتەختی سووریا کرانە ئامانج.