عەبادی: سەردانی جۆ بایدن بۆ توركیا لەسەر داوای ئێمە بووە

زانینی ھەڵوێستی حكوومەتی توركیا لە بارەی شەڕی داعش
kurdistan24.net

K24 – به‌غدا:

سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاشكريكرد، كۆبوونەوەی نێوان جێگری سەرۆكی ئەمریكا و سەرۆكی توركیا لەسەر داوای حكومەتی عێراق بوو.

سەرۆك وەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی، رایگەیاند، "سەردانی پێش چەند رۆژەی جێگری سەرۆكی ئەمریكا، جۆ بایدن، بۆ توركیا و كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆكی توركیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، لەسەر داوای حكوومەتی عێراق بووە، بۆ مەبەستی زانینی ھەڵوێستی حكوومەتی توركیا لە بارەی شەڕی داعش".

چاودێرە سیاسیيەكان وا دەبینن، كە حكوومه‌تی عێراق رێ بە ھێزەكانی توركیا بدات لە دەوروبەری شاری مووسڵ بمێننەوە بۆ بەشداریكردن لە شەڕی دژی چەكدارانی داعش.

توركیا لە مانگی تشرینی دووەم/ نۆڤه‌مبه‌رى ٢٠١٥ ھێزیكی سەربازی لە دەوروبەری شاری مووسڵ بڵاوكردبووەوه‌ كە پێكھاتبوو لە ١٥٠ سەرباز بۆ مەبەستی مەشقكردن بە ھێزی پێشمەرگە، لەو كاتەدا ئەم ھەنگاوەی توركیا بووە مایەی ناڕەزایی حكوومەتی عێراق و بە پێشێل كردنی سەروەری و یەكێتی خاكی عێراقی وەسف كرد.