رووسیا رێگا له دابه‌زینی به‌های روبڵ ده‌گرێت
K24 - مۆسكۆ:
له به‌رانبه‌ر دۆلار و یۆرۆدا، دراوی رووسی داشكانێكی به‌رچاوی به‌خۆیه‌وه بینیوه، شاره‌زایانی بواری ئابووریش ره‌خنه له سیاسه‌تی حكوومه‌ته‌كه‌یان ده‌گرن، كه نه‌یتوانیوه به‌ر له دابه‌زینی به‌های روبڵ بگرێت، له هه‌مانكاتیشدا به‌رپرسانی حكوومه‌ت، باس له پاكێجی دژه قه‌یران ده‌كه‌ن بۆ راگرتنی هاوسه‌نگی بازاڕی دراو.
هیچ كاتێك هێنده‌ی ئێستا، روبڵی رووسی دابه‌زینی ترسناكی به‌م چه‌شنه‌ی به‌خۆیه‌وه نه‌بینیوه، به‌جۆرێك ئابووری رووسیای دووچاری زه‌ره‌ر و زیانێكی مه‌زن كردووه، داشكانی به‌های دراوی رووسی له به‌رانبه‌ر دۆلار و یۆرۆدا، له‌و كاته‌وه په‌ره‌ی سه‌ند كه رووسیا به ده‌ستێوه‌ردان له كاروباری ئۆكراینیا و وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست تۆمه‌تباركرا.
شاره‌زای ئابووری ڤاسیلی میخایلۆڤیچ، داشكانی روبڵ ده‌به‌ستێته‌وه به دابه‌زینی نرخی نه‌وت و بێ پلانی حكوومه‌ت و په‌رله‌مان، پێشیوایه كه‌رتی ئابووری ناتوانێت له بری نه‌وت به‌رهه‌مێكی دیكه بخاته بازاڕه‌وه.