ساڵح موسلیم: به‌بێ نوێنه‌ری كورد جنێڤ 3 شكست ده‌هێنێت
K24 - هه‌ولێر:
هاوسه‌رۆكی پارتی یه‌كێتی دیموكرات "PYD" رایگه‌یاند، پێویسته نوێنه‌ری كورد به‌شداری له گفتوگۆكانی ئاشتی له جنێفدا بكات، ئه‌گه‌رنا شكست ده‌هێنێت.
ساڵح موسلیم، هاوسه‌رۆكی په‌یه‌ده، له چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ ئاژانسی هه‌واڵی "رۆیته‌رز" ئه‌مڕۆ هه‌ینی 22ی كانوونی دووه‌م/ یه‌نایه‌ری 2016، وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ "شكستێهنانی جنێف 2" له ساڵی 2014 گوتی: "ئه‌گه‌ر لایه‌نێكی كاریگه‌ری پرسی سووریا به‌شداری تێدا نه‌كات، ئه‌وا هه‌مان چاره‌نووسی جنێف 2، دووباره ده‌بێته‌وه".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ئه‌وان سوورن له‌سه‌ر به‌شداریكردن له گفتوگۆكان و گوتی: "جنێف 3 شكست ده‌هێنێت و ئێمه‌ش له گه‌یشتن به چاره‌سه‌رێكی سیاسی شكست ده‌هێنین، بۆیه سوورین و پێداگری له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌ین، كه هه‌موو لایه‌ك له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆكان دابنیشن".
رووسیاش ده‌یه‌وێت، ژماره‌یه‌ك كه‌سایه‌تی حزبه ئۆپۆزیسیۆنه‌كانی سووریا به‌شداری له جنێف 3دا بكه‌ن، به‌و پێیه‌ی كه لێیه‌وه نزیكن و پارتی یه‌كێتی دیموكرات "په‌یه‌ده"ش له ریزی ئه‌و حزبانه‌دایه.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، ده‌سته‌ی باڵای دانوستانكاری ئۆپۆزیسیۆنی سووریا، كه له‌لایه‌ن سعوودیه پاڵپشتی ده‌كرێت، رایگه‌یاند، ئه‌وان به‌شداری كۆنگره‌ی جنێف 3 ناكه‌ن، ئه‌گه‌ر رووسیا پێداگری له‌سه‌ر ئه‌و داوایه بكات و ئه‌و كه‌سایه‌تییانه به‌شداری بكه‌ن.
محه‌مه‌د عه‌لووش، سه‌رۆكی ده‌سته‌كه، حزبه كوردییه‌كانی رۆژئاوای كوردستانی به كوشتنی چه‌كدارانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا تۆمه‌تبار كرد و له به‌رامبه‌ردا ساڵح موسلیم ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی ره‌تكرده‌وه.
هاوسه‌رۆكی په‌یه‌ده، ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی به پرۆپاگه‌نده وه‌سفكرد و رایگه‌یاند، حزبه كوردییه‌كان هاوكاریی حكوومه‌تی سووریا ناكه‌ن و ته‌نها به‌رگری له خۆیان ده‌كه‌ن و به‌ره‌نگاری گرووپه توندڕه‌وه ئیسلامییه‌كان ده‌بنه‌وه كه وه‌ك ئۆپۆزیسیۆنی میانڕه‌و خۆیان ناساندووه.
ساڵح موسلیم گوتی: "یه‌كێك له گرووپه چه‌كدارییه ئۆپۆزیسیۆنه‌كان، كه سوپای ئیسلامه، هه‌مان بیری توندڕه‌وی رێكخراوه‌كانی قاعیده و داعشی هه‌یه".
قه‌بووڵنه‌كراوه
له وه‌ڵامی پرسیارێكی ئاژانسه‌كه له به‌رامبه‌ر گه‌یشتنی ده‌سته‌ی باڵای دانووستانكاری سووریا، به چه‌ند هه‌نگاوێكی كرده‌یی له‌چاو ئۆپۆزیسیۆنی پێشتری سووریا، ساڵح موسلیم گوتی: "ئه‌و گرووپه‌ی محه‌مه‌د عه‌لووش كه سوپای ئیسلامه، هه‌مان عه‌قڵیه‌تی به‌ره‌ی نوسڕه‌و داعشی هه‌یه، ئه‌وه‌ش روونه كه ده‌یانه‌وێت ده‌وڵه‌تێكی ئیسلامی دروست بكه‌ن".
هه‌روه‌ها گوتی: "ئه‌و ده‌سته‌یه‌ی سعوودیه پێكیهێناوه، ئه‌وه‌ی قه‌بووڵ خیلافه‌تی ئیسلامی دابمه‌زرێت، ئه‌وه‌ش شتێك قه‌بووڵنه‌كراوه".
سه‌رچاوه‌یه‌كی دیپلۆماسیی فه‌ره‌نسیش رایگه‌یاند، شتێكی روونه و له كۆتاییدا ده‌بێته پارتی یه‌كێتی دیموكراتی و گرووپه‌كانی، ده‌بێت به‌شێك بن له‌هه‌ر رێككه‌وتنێكی كۆتایی.
ئه‌و سه‌رچاوه‌یه گوتیشی: "ناتوانین ره‌وشه‌كه به هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌سته‌ی باڵای دانووستانكار بخه‌ینه مه‌ترسییه‌وه، ئۆپۆزیسیۆنی سووریا، پارتی یه‌كێتی دیموكرات وه‌ك به‌رهه‌ڵستكارێكی به‌شار ئه‌سه‌د نابینێت، بۆیه هیچ شوێنێكی له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆكانی جنێف 3دا نییه".
سه‌رچاوه‌كه دووپاتیشی كرده‌وه، ئۆپۆزیسیۆنی سووریا چه‌ند مه‌رجێكیان بۆ داهاتووی سووریا داناوه و یه‌كێك له‌و مه‌رجانه رۆیشتنی ئه‌سه‌ده له‌ده‌سه‌ڵات و سه‌رچاوه‌كه گوتیشی: "پێموابێت په‌یه‌ده هه‌مان هه‌ڵوێستی له به‌رامبه‌ر ئه‌سه‌ددا نییه".
یه‌په‌گه كه باڵی سه‌ربازی په‌یه‌ده، به‌هاوكاری و پاڵپشتی فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی هاوپه‌یمانان، توانی رووبه‌رێكی فراوان له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی داعش ده‌ربهێنێت.
له ئێستاشدا كوردانی سووریا، توانیویانه له چه‌ند ناوچه‌یه‌كدا، خۆڕێبه‌رییان راگه‌یاندووه و هه‌ندێك ناوچه هاوسنووری توركیان و ئه‌وه‌ش ئه‌نقه‌ره‌ی بێزاركردووه.