شاندێكی هه‌رێم سه‌ردانی به‌غدا ده‌كات

بۆ گفتوگۆکردنه‌ لەسەر کێشە هەڵپەسێردراوەکان

K24 - هه‌ولێر:

بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا، سبەی شاندێکی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا دەکات.

سەرچاوەیەکی باڵا لە حکومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر کێشە هەڵپەسێردراوەکانی  نێوان هەولێر و بەغدا و هاوکاریکردنی هێزەکانی پێشمەرگە،  سبەی شاندێکی هەرێمی كوردستان بەسەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكوومەتی هه‌رێمی كوردستان سەردانی بەغدا  دەكات و لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق و ستیوارت جۆنز بالیۆزی ئەمریکا لە عێراق کۆدەبنەوە و هەمان رۆژیش دەگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان.

شاندەکەی ھەرێمی كوردستان  پێكھاتوون  لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ‌‌حکومەتی هەرێمی کوردستان و دکتۆر فواد ‌حسێن سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دکتۆر ڕۆژ نوری شاوەیس .