لە ئامەد 13 سەرباز و پۆلیسی توركیا برینداربوون
K24 - ئامەد
لە ناوچەی سووری سەر بە شاری ئامەد لە باكووری كوردستان بەھۆی تەقینەوەیەک 13سەرباز و پۆلیسی تورکیا برینداربوون.
پەیامنێری (كوردستان24) لە ئامەد پێی راگەیاندنین: "لە كاتی بەڕێوەچوونی ئۆپەراسیۆنی سوپا و ھێزە ئەمنییەكان لە ناوچەی سوور لە ئامەد، تەقینەوەیەك روویدا و لە ئەنجامدا 13 سەرباز و پۆلیس برینداربوون".
گوتیشی: "ئۆپەراسیۆنی سوپا و ھێزە ئەمنییەكان دژ بە خۆپێشاندەران ئەنجامدەدرێت كە رۆژانە دژ بە دەسەڵات دەوستنەوە و حكوومەتیش ئەو كەسانە بە نزیك لە (پارتی کرێکارانی کوردستان) پەكەكە وەسف دەكات، تەقینەوەكەش ھەر لە كاتی بەڕێوەچوونی ئۆپەراسیۆنەكان روویدا".
ھاووڵاتییەك لە ناوچەی سوور لە ئامەد بە (كوردستان24)ی گوت: "جگە لەوەی ھاتووچۆ قەدەغەیە لە ناوچەكەدا و خەڵك ئاوارە دەبێت، نرخی ھەموو كەلوپەل و كرێی خانوو و گواستنەوە بە ئۆتۆمبێل بەرزبووەتەوە و ژیان بە تەواوی سەخت بووە".
بەھۆی شەڕ و ئاڵۆزییەكانەوە ماوەی دوو مانگە ھاتووچۆ لە زۆربەی گەڕەكەكانی ناوچەی سوور لە شاری ئامەد قەدەغەیە، بەو ھۆیەوە زیاتر لە 20 ھەزار ھاووڵاتی ئاوارەبوونە، لە باكووری كوردستان خۆپیشاندەران بەردەوامن لە خۆپیشاندان و رووبەڕووبونەوە لەگەڵ ھێزە ئەمنییەكان.
ھاوكات سوپا و پۆلیسی توركیا بەردەوامن لە ئۆپەراسیۆن و قەدەغەكردنی ھاتووچۆ لە ناو شار و شارۆچكەكانی باكووری كوردستان.