مەڕوان ئەحمەد: تاوەکو کۆتایی 2024 تۆمارکردنی فەرمانبەران لە پڕۆژەی هەژماری من تەواو دەبێت

K24 - هەولێر

بەڕێوەبەری پڕۆژەی هەژماری من ڕایگەیاند، پڕۆسەی تۆمارکردنی فەرمانبەران ئێستا لە قۆناغێکی زۆر باشدایە، هەروەها زیاتر لە 300 هەزار مووچە خۆریش تۆمارکراوە.

مەڕوان ئەحمەد، بەڕێوەبەری پڕۆژەی هەژماری من، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، پڕۆسەی تۆمارکردنی فەرمانبەران ئێستا لە قۆناغێکی زۆر باشدایە، کە زیاتر لە 300 هەزار مووچەخۆر لە هەولێر و سلێمانی و دهۆک تۆمارکراوە.

مەڕوان ئەحمەد گوتیشی: پلانمان داناوە تاوەکو کۆتایی 2024 تۆمارکردنی فەرمانبەران لە پڕۆژەی هەژماری من تەواوبێت، دەشڵێت: پیشتر پلانەکە بۆ دووساڵ بوو، بەڵام کە دەبینین خەڵکی هەولێر و سلێمانی و دهۆک بەپەرۆشن بۆکردنەوەی هەژماری بانکی.

بەڕێوەبەری پڕۆژەی هەژماری من باسی لەوەشکرد، گفتوگۆ لەگەڵ بانکەکان بەردەوامن، تاوەکو ئێستا شەش بانک کار لەگەڵ ئێمە دەکەن، کە بانکەکەان عێراقی و نێودەوڵەتیشی تێدایە، ئەوانەی دەشیانەوێت لەگەڵمان بەشداربن ئێمە بەردەوام لەگفتوگۆداین لەگەڵیان.

گوتیشی: وەکو دەزانن نووسراوێکی فەرمیمان لەبانکی "تی بی ئای" بۆ هات و دەیانەوێت بەشداربن لە پڕۆژەی هەژماری من. ئێمە نووسراوەکەی "تی بی ئای"مان ڕەوانەی نووسینگەی سەرکوەزیران کردووە، هەروەها لەچەند ڕۆژی داهاتوودا کۆبوونەومان لەگەڵ تیمی ئۆپەرەیشنی ئەو بانکە هەیە بۆ ئەوەی بتوانی ڕێککەوین لەسەر شێوازی تۆمارکردن.

مەڕوان ئەحمەد، باسی لەشێوازی بەشداریکردنی بانکەکان کرد و ڕایگەیاند، پێش ئەوەی بانکەکان بەشداری بکەن ئێمە مەرجمان هەیە، مەرجەکانمان بۆ ئەوەیە تاوەکو دڵنیابین کە ئەو خزمەتگوزارییانە بۆ سوودمەندانی ئێمە جێبەجێ دەکات، بۆنموونە، قەرزەکان، ئەپڵیکەیشنە ئەلیکترۆنییەکان کە فەرمانبەر بتوانێت بۆ کاری ڕۆژانەی خۆی بەکاری بهێنێت. یاخود ئەوکارتەی کە جاپ دەکرێت فەرمانبەر چۆن بتوانێت لەدەرەوەی وڵات یان ناوخۆ بەکاری بهێنن.