شاندی هەرێمی کورستان گەیشتە بەغدا

"لەگەڵ سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیران و باڵوێزی ئەمریكا كۆدەبنەوە"

K24- بەغدا:

كەمێك پێش ئێستا شاندی ھەرێمی كوردستان بۆ گفتوگۆكردن لەسەر كێشە ھەڵپەسێدراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق گەیشتە بەغدا.

پایامنێری (كوردستان24) لە بەغدا رایگەیاند: "كەمێك لەمەوبەر شاندی ھەرێمی كوردستان بۆ گفتوگۆ كردن لەگەڵ حکوومەتی عێراق لەسەر كێشە ھەڵپەسێدراوەکان نێوان ھەردوولا گەیشتە بەغدا".

پەیامنێرمان گوتیشی: "بڕیارە شاندی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ ھەریەك لە سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیرانی عێراق و باڵوێزی ئەمریكا لە عێراق كۆببێتەوە و پرسی نەوت و قەیرانی دارایی و پەیوەندییەكانی نێوان ھەرێمی كوردستان و بەغدا پرسی سەرەكی كۆبوونەوەكە دەبن".

شاندی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان پێكھاتوون لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی كوردستان و فوئاد حوسێن، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و فەلاح مستەفا، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و رۆژ نوری شاوێس، سەفین دزەیی.

بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان ھەولێر و بەغدا كە زیاتر لە دوو ساڵە بەردەوامن و بەھۆی بڕینی بودجەی ھەرێمی كوردستان لە لایەن حكوومەتی عێراقەوە، چەندین جار شاندی ھەردوولا كۆبوونەتەوە، بەڵام تا ئێستا كێشەكانیان بە ھەڵپەسێدراوی ماونەتەوە.

بەرای چاودێران چوونی شاندەكەی ھەرێمی كوردستان بۆ بەغدا ھەوڵێكی دیكەیە بۆ دۆزینەوەی رێگە چارەیەك بۆ كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا.