بۆ جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، کۆبوونەوەیەکی فراوان لە پارێزگای هەولێر کرا

دیوانی پارێزگای هەولێر
دیوانی پارێزگای هەولێر

K24 – هەولێر:

لە دیوانی پارێزگای هەولێر کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە لە بەشێک لە بازاڕەکانی شاری هەولێر بەڕێوە چوو، کە تیایدا جەخت لە سەر پابەندبوون بە ڕێنماییەکان و ڕێکارەکانی پاراستن و سەلامەتیی لە شوێنە گشتییەکان و نێو بازاڕەکان کرایەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (9ـی ئایاری 2024) بۆ جێبەجێکردنى فەرمان و ڕاسپردەکانى سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەرپەرشتى ڕێبەر ئەحمەد، وەزیرى ناوخۆ، ساسان عەونى، وەزیرى شارەوانى و ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، لە دیوانى پارێزگا، کۆبوونەوەیەکى تایبەت بە ڕووداوەکانى ئاگر کەوتنەوە لە بەشێک لە بازاڕەکانى شارى هەولێر، لەگەڵ سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانى ئیدارەى شارى هەولێر کرا.

لە کۆبوونەوەکەدا، وێڕاى  دەربڕینی نیگەرانیی بەرامبەر بە سووتانی بازاڕی قەیسەریی شارى هەولێر و هاوخەمی لەگەڵ دووکاندار و کاسبکارانى زیانلێکەوتووى بازاڕەکە، دەستخۆشیى لە تیمەکانی بەرگریى شارستانى، تەندروستى و هێزە ئەمنیەکان و هێزەکانی ناوخۆ کرا.

 پاشان تیشک خرایە سەر بڕیار و ڕاسپاردەکانى کۆبوونەوەى پێشووتر و بەدواداچوون لە جێبەجێکردنی بڕیارەکان کرایەوە و جەخت لەوە کرا کە دەبێت سەرجەم بڕیارەکان وەکو خۆى لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکان جێبەجێ بکرێت و لە بەرامبەر هەر کەم و کوڕییەک هەر یەکە و بەئاستى خۆى بەرپرسیار دەبێت.

هەروەها لە پێناو پاراستنى شوێنە گشتییەکان و سەلامەتىی گیانى هاووڵاتییان و ڕێگریی لە دووبارەبوونەوەی ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە، جەخت لە سەر پابەندبوون بە ڕێنماییەکان و ڕێکارەکانی پاراستن و سەلامەتیی لە شوێنە گشتییەکان و نێو بازاڕەکان کرایەوە و تەواوى لایەنەکان ڕاسپێردران دەستبکەن بە ڕێکخستنەوەى سەرتاسەرى بازاڕى قەیسەرى و سەرجەم بازاڕە میللیەکان و شوێنە گشتییەکان و هەڵگرتنى سەرپێچى و زێدەڕۆییەکان و هەموو ئەو مەترسیانە کە دەبنە هۆى  ئەو  جۆرە ڕووداوانە، بە تایبەتى نەهێڵانى هەڵواسینی پەردە لە دووکانەکان کە هۆکارێکی سەرەکی ئاگرکەوتنەوەکان و تەشەنەکردنیان بووە.

هەروەها سەبارەت بە سیستەمى جێگیرى ئاگر کوژێنەوە لە بازاڕەکان، بەرگرى شارستانى و قائیمقامیەتى ناوەندى و سەرۆکایەتىی شارەوانى ڕاسپارد پێداچوونەوە بەو سیستەمانەى کە جێگیر کراون بکرێت و هەر کێشە و گرفتێکی تەکنیکیان هەبێت لە زووترین کاتدا چاک بکرێنەوە.

س
ح