ئۆپۆزسيۆن هه‌ڕه‌شه‌ى كشانه‌وه‌ له‌ جنێڤ 3 ده‌كات

ئەمڕۆ بۆ یەكەم جار ئۆپۆزیسیۆنی سووریا لەگەڵ ستیڤان دیمستۆرا نێردەی گشتی نەتەوە یەكگرتووه‌كان بۆ كاروباری سووریا لە جنێڤ كۆبوویەوە.

K24 – جنێڤ:

ئەمڕۆ بۆ یەكەم  جار ئۆپۆزیسیۆنی سووریا لەگەڵ ستیڤان دیمستۆرا نێردەی گشتی نەتەوە یەكگرتووه‌كان بۆ كاروباری سووریا لە جنێڤ كۆبوویەوە.

ئاژانسى هه‌واڵى رۆيته‌رز بڵاويكردووه‌ته‌وه‌، پرۆسەی ئاشتی رووبەڕووی گەلێك گرفت بووەتەوە. به‌ تايبه‌تى دوای ئەوەی ئه‌مڕۆ رێكخراوی داعش لە هێرشێكى خۆكوژيدا، 60 كەسیان لە نزیك مەزارگەیەكی شیعە لە سووریا كوشت.

نوێنەرانی دەستەی باڵای دانوستاندنەكان كە لەلایەن سعوودیەوه‌ پشتگیریان لێدەكرێت، چەند سیاسەتڤان و ژماره‌يه‌ك له‌ لايه‌نه‌كانى ئۆپۆزیسیۆنی سەربازی دژ بە رژێمەكەی بەشار ئەسەد لە خۆدەگرێت، ھۆشداریان داوە لەوەی لە دانوستاندنەكانی جنێڤ 3 بكشێنەوە ئەگەر كێشە و ئازارەكانی خەڵكی مەدەنی چارەسەر نەكرێن، بەھۆی ئەو شەڕو ئاڵۆزیانەی كە پێنج ساڵە بەردەوامی ھەیە رووبه‌ڕووى هاووڵاتيان بووه‌ته‌وه‌.

بەشار جەعفەری سەرۆكی شاندی حكومەتی سووریا رایگەیاند، تەقینەوەكەی دیمەشق  دوو خۆكوژ بە ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو ئەنجامیانداوە، وه‌ك ئه‌وه‌ى وەزارەتی ناوخۆی سووریا بەدواداچوونی كردووە تێيدا ئۆپۆزیسیۆن و تیرۆریستان پەیوەندیان ھەیە.

جەعفەری گوتیشی: ئەمە لە كاتێكدایە، كە رێكخراوی داعش بانگھێشتی كۆنگرەی جنێڤ نەكراوە.

نەتەوە یەكگرتووەكان دەیەوێت ئەم دانوستاندنانە شەش مانگ بەردەوامیان ھەبێت، لە سەرەتاشدا ھەوڵدەدات راگەیاندنی ئاگربەست و وەستاندنی شەڕ، دواتر كار بۆ گەیشتن بە رێككەوتنێكی ئاشتییانەی سیاسی دەكەن بۆ كۆتاییھێنان بەو جەنگە ناوخۆییەی بەھۆیەوە نزیكەی 250 ھەزار كەس كوژراون نزیكەی 10 ملیۆن كەسیش بێ ماڵوحاڵبوونە.

پێشتر شاندی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا رایگەیاند، تاوەكو حكومەتی سووریا كۆتايی بە ھێرشە ئاسمانییەكان و گەمارۆی سەر ھاووڵاتیانی مەدەنی نەھێنێت ئەوان لە كۆنگرەی جنێڤ 3 بەشدارنابن، بەڵام دواتر ئەمریكا فشاری خستە سەر شاندی ئۆپۆزیسیۆن بەمەبەستی بەشداریكردن لە كۆنگرەكەدا.

ریاز حیجاب ھەماھەنگكاری ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بەیاننامەیەكی بڵاوكردووه‌تەوە و تێیدا ھاتووە، لە كاتێكدا رژێمی بەشار ئەسەد پێشێلكاری لەبەرامبەر گەلی سووریا ئەنجامبدات، بەشداریكردنی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا ھیچ گرنگییەكی نابێت و رەنگە ئەوان بكشێنەوە.

لەلایەن خۆیەوە بەشار جەعفەری سەرۆكی شاندی حكوومەتی سووریا دەڵێت، حكومەتی سوریا چەند رێكارێك دەگرێتە بەر وەك درووستكردنی رێڕەوی ئارام بۆ دەربازبوونی ھاووڵاتیان و راگەیاندنی ئاگربەست و رزگاركردنی زیندانیان، بەڵام جەعفەری ئاماژەی بەوەكرد رەنگە ئەمە دوای گفتوگۆكان جێبەجێبكرێن نەك پێشتر.