ئەندامێکی جڤاتی گۆڕان: پشتگیریی تاوانبار بە تەقاندنەوەی بۆڕی گازی کەرکووک ناکەین

پێشتر ئەندامێکی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان لە پەیجی تایبەتی خۆی لە (فەیسبووک) ھەڕەشەی تەقاندنەوەی بۆڕییەکەی کردبوو.

K24- ھەولێر:

عەبدولرەحمان عومەر، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزوتنەوەی گۆڕان لەبارەی تەقاندنەوەی بۆڕیی گواستنەوەی گازیان نێوان کەرکووک و هەولێر، رایگەیاند ھەر كەسێك تاوانبار بكرێت بە تەقاندنەوەی ئەو بۆرییە پشتگیریی ناكەین.

پێشتر عەبدولرەحمان عومەر، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزوتنەوەی گۆڕان لە پەیجی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک)، ھەڕەشەی تەقاندنەوەی بۆڕییەکەی کردبوو، لایەنە ئەمنییەکانی ناوچەکەش دەڵێن: "بۆڕییەکە نزیکەی دوو مەتر و نیو لە ژێر زەوییە، ئەگەر کردەوەکە رێکخراو نەبێت، کەسی ئاسایی ناتوانێت کارێکی لەم شێوەیە ئەنجامبدات".

لەبارەی تۆمەتباركردنی بزوتنەوەیەكەیان بە تەقاندنەوەی ئەو بۆرییەی گواستنەوەی گاز، عەبدولرەحمان عومەر، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزوتنەوەی گۆڕان بە (كوردستان24)ی گوت: "ھەر كەسێك تاوانبار بكرێت بە تەقاندنەوەی ئەو بۆرییە پشتگیریی ناكەین".

عەبدولرەحمان عومەر گوتیشی: "داوا دەكەین بە زووترین كات ئەو كەسە دەستگیر بكرێت و بدرێتە دادگا و بۆ ئەوەی گومانی خراپ لە ھیچ لایەنێك نەكرێت تا لێكۆڵینەوە لەسەر ئەو بابەتە دەكرێت".

ئەمە لە کاتێکدایە بەرێوەبەری دابەشکردنی کارەبای ھەولێر، حوسێن حمەد لە لێدوانێكی تایبەت بۆ (كوردستان24) گوتی: "بەھۆی تەقاندنەوەی بۆڕیی گازی نێوان كەركووك-ھەولێر، لە ماوەی 48 كاتژمێردا 15 كاتژمێر كوژانەوەی گشتیی لە ھەولێر روویدا".

حوسێن حمەد گوتیشی: "ئەو بۆرییە سەرچاوەی بەرھەمھێنانی 700 مێگاوات كارەبایە، لە رۆژەی تەقێندراوەتەوە نەتوانراوە وەك پێویست كارەبا بە ھاووڵاتیان بدرێت، لە زۆركاتدا ئەوەی كە ھەبووە دراوە بە نەخۆشخانە و پڕۆژەكانی ئاو".