په‌يامنێرى كوردستان 24 ره‌خنه‌يه‌ك ئاراسته‌ى ستافى راگه‌ياندنى سه‌رۆكى حكومه‌ت و ئه‌نجوومه‌نى وه‌زيران ده‌كات

ته‌نيا هاوكارى دوو كه‌ناڵيان كردووه‌.
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر:

سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و جێگری سەرۆكی حكوومەت لەگەڵ مامۆستایانی ئاینی ئیسلامی كۆبوونەوە و پڕۆژەی چاكسازیان بۆ شيكردنه‌وه‌، پەیامنێری كوردستان 24 لە شوێنی كۆبوونەوەكە گلەیی لە ستافی راگەیاندنی ئەنجوومەنی وەزیران دەكات.

پەیامنێری (كوردستان24) گلەیی لە ستافی راگەیاندنی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران كرد و رايگه‌ياند، "لەچەند رۆژی رابردوو ژمارەیەك رۆژنامەنووس بەشداریمان لە كۆبوونەوەی جێگری سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان كرد لەگەڵ رۆژنامەنووسان، لەوێ داوایان لێكردین لەو دۆخە ھاوكاریان بكەین، بەڵام ئەمڕۆ كە گەیشتمە شوێنی كۆبوونەوەی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و جێگرەكەی لەگەڵ مامۆستایانی ئاینی، یەكەم خولەك كە گەیشتمە شوێنی كۆبوونەوەكە گوتیان ھیچ راگەیاندنێك لێرە نزیك نەبێتەوە".

گوتیشی: "ستافی راگەیاندنی ئەنجوومەنی وەزیران ھاوكاری دوو كەناڵی راگەیاندنی دیاریكراو دەكەن، ئەوان كە رێگەمان نەدەن لە كۆبوونەوەكان نزیك بینەوە و ھاوكاریمان نەكەن ئێمە چۆن بتوانین ھاوكاری ئەوان بكەین".

لە بارەی تەوەرەكانی كۆبوونەوەكەی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و جێگرەكەی لەگەڵ مامۆستایانی ئاینی پەیامنێری (كوردستان24) لە ھەولێر رایگەیاند: "بە مەبەستی شیكردنەوەی بارودۆخی ھەرێمی كوردستان و پڕۆژەی چاكسازی حكوومەت بۆ دەرباز بوون لەو قەیرانە داراییە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكوومەت لەگەڵ مامۆستایانی ئاینی كۆ دەبنەوە".

گوتیشی: "لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆكی حكوومەت دەیەوێت بە مامۆستایانی ئاینی بڵێت كە رۆڵیان ھەبێت و ھاوكاری حكوومەت بن لەو بارودۆخەی ھاتووەتە پێش، چونكە زۆرینەی خەڵكی كوردستان لە رووی ئاینەوە ئیسلامن و گوێ لە وتاری مامۆستایانی ئاینی دەگرن".