مامۆستایەكی زانكۆ: بە تاڵان بردنی سەرمایەی عێراق وێنەی كەمە

"عێراق خۆی گرفتی گەورەی ھەیە ناكرێت ھەموو تاوانەكە بخرێتە ئەستۆی كورد"
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی:

مامۆستایەكی زانستە سیاسییەكان لە زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی، لە بارەی قەیرانی دارایی و كێشەكانی نێوان ھەولێر و بەغدا رایگەیاند، بە تاڵان بردنی سەرمایەی عێراق لە مێژوودا وێنەی كەمە، عێراق خۆی گرفتی گەورەی ھەیە ناكرێت ھەموو تاوانەكە بخرێتە ئەستۆی كورد.

لە لێدوانێكی تایبەت بۆ (كوردستان24) رێبوار کەریم مەحمود، مامۆستای زانكۆ رایگەیاند: "لە عێراقدا گرفتی گەورەی حووكمڕانی ھەیە، چونكە ئێستا عێراق دەوڵەتێكە بە دەست دەیان كێشەی گەورەوە دەناڵێنێ، بەڵام چونكە عێراق دەوڵەتە و یەدەگی ھەیە و چاوەڕێ دەكات قەرز بكات زۆر كێشەی پێوە دیارنییە".

گوتیشی: "ئەو بە تاڵان بردنەی سەرمایەی عێراق لە چەند ساڵی رابردوودا لە مێژوودا وێنەی كەمە، لەبەر ئەوەیە دەڵێم عێراقیش خۆی گرفتی گەورەی ھەیە، ناكرێت ھەموو تاوانەكە بخرێتە ئەستۆی كورد".

كاوە محەممەد، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەری عێراق لە فراكسیۆنی گۆڕان بە (كوردستان24)ی گوت: "ھەردوو رێگامان تاقیكردوەتەوە، كاتێك لەگەڵ بەغدا بووین باشتر بووین، دواتر كە نەوت سەربەخۆ فرۆشرا دۆخەكە زۆر خراپتر و ئاڵۆزتربوو".

ئەوەشی خستەڕوو: "ھیوادارین ئەو سەردانە ببێتە ھۆكارێك كەمێك لە معاناتی خەڵك كەم بێتەوە و بەغداش بە پیر ئەوە بێت كە كێشەكان لەگەڵ ھەرێم یەكلا بكاتەوە، بۆ ئەوەی مووچەی خەڵكی كوردستان چیتر دوانەكەوێت".

دوای ماوەیەك لە بێدەنگی و دووركەوتنەوەی لە نێوان ھەرێم و بەغدا، لە كۆتایی مانگی رابردوودا جارێكی دیكە شاندی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، بە مەبەستی دۆزینەوەی رێگە چارە بۆ كێشە ھەڵپەسێردراوەكانی نێوان حكوومەتی ھەرێم و ناوەند سەردانی بەغدایان كرد و لەگەڵ فوئاد مەعسوم، سەرۆك كۆمار و  حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆبوونەوە.