كه‌ركووك.. لايه‌نه‌ سياسييه‌كان حه‌شدى شه‌عبى به‌ "مه‌ترسى" ده‌زانن

لایەنە كوردییەكان لە شاری كەركوك كۆبوونەوە، بەمەبەستی تاوتوێكردنی مەترسییەكانی حەشدی شەعبی لە سەر كەركووك.
kurdistan24.net

K24 - كەركووك:

لایەنە كوردییەكان لە شاری كەركووك كۆبوونەوە، بەمەبەستی تاوتوێكردنی مەترسییەكانی حەشدی شەعبی لە سەر شاره‌كه‌يان.

نزیكبوونەوەی حەشدی شەعبی لە كەركووك بەرپرسی یەكەمی حزبە كوردییەكانی ئەو شارەی كۆكردەوە و بڕیاریاندا، بە پێكھێنانی كۆمیتەیەكی ھاوبەش لە نێوان لایەنەكان و ھۆشداریشياندا لە نزیكبوونەوەی حەشدی شەعبی لە كەركووك.

وریا محەممەد رێكخەری ژووری ھەڵبژاردنی گۆڕان لە كەركووك بە كوردستان 24 راگەیاند، "ھاتنی حەشدی شەعبی بۆ كەركووك نایاسایە و لە جێگەی خۆیدا نیە و بارودۆخی كەركووك پێویستی بە ھاتنی حەشدی شەعبی نیە، ليژنەیەكمان لە سەر ئەو پرسە پێكھێناوە".

ئاسۆ مامەند ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان رایگەیاند، "لە سەر ئاستی كەركووك ھەمیشە لایەنە كوردییەكان ھەوڵی ئەوەیانداوە، ئەو كێشانەی لە ھەرێمی كوردستان ھەن نەیان گوازینەوە بۆ كەركووك، لێرەوە داوا لە لایەنە سیاسیەكان دەكەین بگەڕێنەوە بۆ مێزی گفتوگۆ و یەكڕيزی كورد بپارێزن".