سێ كورد كاندیدن بۆ نۆبڵی ئاشتی

لایەنە عێراقییەكان بۆ كاندیدكردنی كەسێك بۆ خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی رێك ناكەون، تا ئێستا سێ كەس دیاریكراون وەك كاندیدی عێراق، كە ھەرسێكیان كوردن.
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر:

لایەنە عێراقییەكان بۆ كاندیدكردنی كەسێك بۆ خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی رێك ناكەون، تا ئێستا سێ كەس دیاریكراون وەك كاندیدی عێراق، كە ھەرسێكیان كوردن.

عێراق سێ كاندیدی ھەیە تا ئێستا بۆ خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی ئەوەی جێی سەرنجە ھەر سێ كاندیدەكە كوردن.

لە سەر داوای حكوومەتی عێراق و ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق، جەلال تاڵەبانی كاندید كراوە، كە شیعەكان نازناوی سەمام ئەمانی عێراقیان پێ بەخشیوە.

دەرباز محەممەد وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق، كە سەر بە بزوتنەوەی گۆڕانە، نادیە موراد كچە كوردی ئێزیدی رزگار بووی دەستی داعشی كاندید كردووە.

ھاوكات چەند لایەنێكی دیكە، باس لە كاندید كردنی ڤیان دەخیل پەرلەمانتاری عێراق دەكەن، كە گریانەكەی لە نێو پەرلەمانی عێراق دەنگدانەوەی گەورەی جیھانی ھەبوو.

بەڵام تا ئێستا عێراق كاندیدی سەرەكی یەكلای نەكردووەتەوە.

خەڵاتی نۆبڵ بە ناوبانگترین و پڕبەھاترین خەڵاتی جیھانییە، كە بەناوی داھێنەرەكەی ئەلفرێد نۆبڵ ناو نراوە، ساڵانە لە لایەن لیژنەیەكی پسپۆڕی سویدی و نەرویجی دابەش دەكرێت.