یۆکسیکداغ: ئەردۆغان بەرپرسە لە تێكچوونی پرۆسەی ئاشتی لە توركیا

K24 - ھەولێر

ھاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (ھەدەپە) رایدەگەیەنێت، سووربوونی رەجەب تەیب ئەردوغان، سەرۆك کۆماری تورکیا بۆ ئەوەی سیستەمی حوکمڕانی لە پەرلەمانییەوە بگۆڕێت بۆ سیستەمی سەرۆکایەتی، بووە ھۆی تێکچوونی پڕۆسەی ئاشتەوایی لە نێوان ئەنقەرە و کوردا.

فیگەن یۆکسیکداغ، ھاوسەرۆکی ھەدەپە، لەمیانەی چاوپێکەوتنی لەگەڵ رۆژنامەی حوڕەیەتی تورکیا، دەڵێ تاکە ھۆکار لە شکست پێھێنانی پڕۆسەی ئاشتەوایی لە باکووری کوردستان، دوورخستنەوەی کورد بووە لەو پڕۆسەیە و ھێنانە کایەی دەستوورێکی نوێ لە تورکیا، دەستوورێک کە سیستەمی سەرۆکایەتی تێدا بێت.

ھەروەھا ھاوسەرۆکی ھەدەپە، ئەردوغانی تۆمەتبار کرد بەوەی بە بڕیار و ھەنگاوەکانی ئەمدوایەی، کارەساتیی رووبەڕووی تورکیا کردووەتەوە.

دواتر فیگەن یۆکسیکداغ سەرکۆنەی بڕیارەکەی پارتی داد و گەشەپێدان (ئەکەپە)ی کرد بەوەی بەردەوامە لە ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی لە ناوچە جیاجیاکانی باکووری کورستان.