بڕیاره 4 هه‌زار سه‌ربازیی عێراقی بگه‌نه‌ میحوه‌ری مه‌خموور

"سه‌ره‌رای ناڕه‌زاییه‌كان، حه‌شدی شه‌عبی هه‌ر به‌شداریی له‌ شه‌ڕی رزگاركردنی مووسڵ ده‌كات"
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/f9186e64-1250-40af-9b14-f236396d130e/hatni%20swoae%20eraq.ism/manifest

K24 - هه‌ولێر:

مقه‌ده‌م دارا مامیل له‌ لیوای 91 پیاده‌ی سوپای عێراق بە کوردستان 24 راگەیاند: "لە نزیکترین کاتدا، هێزێكیی سوپای عێراق كه‌ ژماره‌یان 4 هه‌زار سه‌رباز ده‌بێت، له‌ به‌غداوه‌ ده‌گه‌نه‌ میحوه‌ری مه‌خموور".

ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ی سوپای عێراق ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: "ئه‌و هێزه‌ی سوپای عێراق، كه‌ چه‌كی قورس و مامناوه‌ندیان پێیه‌ و ده‌گه‌نه‌ مه‌خموور، ماوه‌ی سێ مانگه‌ له‌ به‌غدا له‌لایه‌ن ئه‌مریكییه‌كانه‌وه‌ مه‌شق و راهێنانیان پێكراوه‌".

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ نووسینگه‌ی حه‌یده‌ر عه‌بادی رایگه‌یاند، له‌ سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ رۆما و كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیتاڵیا، حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق دووپاتیكردووه‌ته‌وه‌: "ده‌ستیكردووه‌ به‌ ناردنی هێزیی سه‌ربازی بۆ رزگاركردنی مووسڵ".

پێشتر ئه‌سیل نوجێفیی پارێزگاریی پێشووی مووسڵ و فه‌رمانده‌ی حه‌شدی وه‌ته‌نی بە رۆژنامه‌ی شه‌رقولئه‌وسه‌ت راگەیاندبوو: "تا وەکوو هێز و یارمه‌تیی و پشتیوانییه‌كان كه‌ بڕیاره‌ بگه‌نه‌ ناوچه‌ی مه‌خموور، نەگەن، شه‌ڕی مووسڵ ته‌واو نابێت".

رۆژنامەی شەرقولئەوسەت لە زاری سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادارەوە دەڵێ: "فیرقه‌ی 15 و هه‌ردوو لیوای 71 و 72ی پۆلیسی فیدڕاڵ به‌شداری له‌ رزگاركردنی مووسڵ ده‌كه‌ن، ئه‌و هێزانه‌ش پێشتر به‌شدارییان له‌ هیچ شه‌ڕێكدا نه‌كردووه‌، ئه‌مه‌ش بەو واتایەیە ته‌واو ئاماده‌كراون و بڕیاره‌ له‌ شارۆچکەی مه‌خموور (50 كیلۆمه‌تر له‌ باشووری رۆژهه‌ڵاتی مووسڵ) جێگیر بکرێن، دواتر له‌وێوه‌ پڕۆسه‌ی رزگاركردنی دیوی لای چه‌پی رووباری دیجله‌ له‌ شارۆچکەی شه‌رگات و پاشان گه‌یاره‌ ده‌ستپێده‌كات".

لای خۆیه‌وه‌ له‌ راگەیەندراوێکدا ئوسامه‌ نوجێفیی، سه‌رۆكی هاوپەیمانیی موته‌حیدون گوتی: "پێویست ناكات حه‌شدی شه‌عبیی له‌ شه‌ڕی مووسڵدا به‌شداری بكات"، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا: "شه‌ڕی رزگاركردنی مووسڵ پێویستی به‌ ئاماده‌كاریی گه‌وره‌ هه‌یه‌".

میدیاكانی عێراق‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانی هادی عامری سه‌رۆكی رێكخراوی به‌در و سه‌ركرده‌ی دیاریی حه‌شدی شه‌عبی گواستووه‌ته‌وه‌ و رایگه‌یاندووه‌: "رۆڵی حه‌شدی شه‌عبی له‌ ناوچه‌یه‌كی جوگرافیی دیاریكراودا قه‌تیس ناكرێت، سه‌ره‌ڕای بوونی ناڕازیكاران به‌ڵام حه‌شدی شه‌عبی به‌شداری له‌ رزگاركردنی مووسڵ ده‌كات".

هادی عامری گوتی: "كه‌س ناتوانێت رێگریمان لێبكات بچینه‌ ناو مووسڵ، شاره‌كه‌ ته‌نها له‌ رێی حه‌شدی شه‌عبی و هێزه‌ سه‌ربازییه‌كانی عێراق و هۆزه‌كانه‌وه‌ نه‌بێت رزگار ناكرێت".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: "پێویسته‌ سه‌ره‌تا شارۆچكه‌ی شه‌رگات له‌ باشووری شاره‌كه‌ كۆنتڕۆڵبكرێته‌وه‌، تا حه‌شدی شه‌عبی بگاته ده‌روازه‌كانی مووسڵ".

عامری زیاتر گوتی: "سه‌ره‌ڕای ناڕازیكاران جا ناوخۆیی یان عه‌ره‌بی یان بیانی بن، حه‌شدی شه‌عبی به‌شداری له‌ شه‌ڕیی رزگاركردنی مووسڵ ده‌كات".  

 

م.ح