برێت ماكگۆرك: زیاترلە 9 مانگە داعش ھیچ سەركەوتنێكی بە دەست نەھێناوە

داعش دووچاری كێشە ھاتووە و مووچەی مانگانەی كردووەتە نیوە و سەرچاوە نەوتییەكانیی سنووردار كراوە
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر:

برێت ماكگۆرك لە بەردەمی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی  كۆنگرێسی ئەمریكا رایگەیاند، زیاتر لە 9 مانگە داعش ھیچ سەركەوتنێكی بە دەست نەھێناوە.

برێت ماكگۆرك نوێنەری باراك ئۆبامای سەرۆكی ئەمریكا لە ھاوپەیمانێتی نێودەوڵەتیی راشیگەیاند:"ئێمە توانیومانە چەندین فەرماندەی باڵای داعش لە ناوبەرین، لە نێویان جێگری یەكەمی بەغدادی، من ماویەك لەمەوبەر سەردانی ئەو ناوچانەم كرد، ئێمە ئەوەمان سەلماند كە دەتوانین توانا سەربازی و ھەواڵگرییەكانی ئەمریكا بە كاربێنین بۆ كۆنتڕۆڵكردنەوەی ئەو ناوچانەی كە لەژێر دەستی داعش دابوون".

برێت ماكگۆرك گوتیشی:"داعش دووچاری كێشە ھاتووە و مووچەی مانگانەیان كردووەتە نیوە و سەرچاوە نەوتییەكانیان سنووردار كراوە".

لەبارەی دەروازە سنووریەكانی داعش ماكگۆرك گوتی:" داعش تەنھا یەك دەروازەی سنووریی لە دەست ماوە لە سووریا، كە لە سەر سنووری توركیایە، ئێمە قسەمان لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی توركیا و سەرۆكی توركیا كردووە، دەبێت سنوورەكانیان توند بكەن بۆ ئەوەی رێگریی بكەن لەوەی كەسانی دیكە بچنە ناو داعش".

نوێنەری ئۆباما لە ھاوپەیمانێتی نێودەوڵەتیی ئاماژەی بەوەشدا، ژمارەی چەكدارانی داعش كەمیكردووە، لە ھاوینی 2014 ژمارەی چەكدارانی داعش نزیكەی 25 ھەزار چەكداربوو، ئێستا ژمارەیان نزیكەی 19 ھەزار چەكدارە، ھەروەھا چوونی ئەندامانی نوێ بۆ ناو داعش بە شێوەیەكی بەرچاو  كەمیكردووە".

ماكگۆرك لە بارەی عێراقەوە گوتی:" ئۆپەراسیۆنی مووسڵ ئاسان نابێت، چونكە ئەو شارە فرە نەتەوەیە، ئێمە قسەمان لەگەڵ بەرپرسانی عێراق و ھەرێمی كوردستان كردووە، بەتایبەت نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی ھەرێمی كوردستان، لەبارەی ئەو ئۆپەراسیۆنە بۆ ھەماھەنگی دروستكردن لەگەڵ سوپای عێراق و ھێزی پێشمەرگەی كوردستان ، ئۆپەرسیۆنەكە لە چەندین لاوە دەستپێدەكات، لە ئێستاوە دەستمانكردووە بە پێشڕەوییەكان بۆ نزیكبوونەوە لە شاری مووسڵ، بۆ بە ئامانجگرتنی كارگەكانی چەك و تەقەمەنی داعش لە دەوروبەری مووسڵ".

نوێنەری ئۆباما لە ھاوپەیمانێتی نێودەوڵەتیی ئاماژەی بە سەردانەكەی كرد بۆ شاری كۆبانێ لە رۆژئاوای كوردستان گوتی:" ھەفتەی رابردوو سەردانی كۆبانێ- م كرد، ئەو ناوچەی كە لە سەر داوای  سەرۆك ئۆباما چەكمان لێ خستەخوارەوە ، ھێزەكانی ئەوێ پێیان راگەیاندم گەر چەكەكانی ئێمە نەبووایە، ئەوا لە كۆتای ساڵی 2014 سەركەوتنیان بە دەست نەدەھێنا لە كۆبانێ".

سەرچاوە: کوردستان24

ئامادەكردن: شنۆ محەممەد