روانگەی سووریا: یەپەگە و هێزە عەرەبییەکان بەشێکی زۆری فڕۆکەخانەیەک لە حەلەب کۆنتڕۆڵ دەکەن

خاچی سووری نێودەوڵەتیی: 50 هەزار کەس بە هۆی شەڕەوە لە حەلەب هەڵاتوون

K24- هەولێر:

روانگەی سووریا بۆ مافی مرۆڤ کە دەزگایەکی بەرهەڵستکاری حکوومەتی سووریایە رایگەیاند یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) بە پاڵپشتیی چەند هێزێکی عەرەبیی سووریی بەرهەڵستکار بەشێکی زۆری فڕۆکەخانەی مینغی سەربازییان لە دەشتی شاری حەلەب کۆنتڕۆڵ کرد.

روانگەی سووریا بۆ مافی مرۆڤ راشیگەیاند: "یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) بە پاڵپشتیی چەند هێزێکی عەرەبیی سووریی بەرهەڵستکار گوندی مینغ و بەشێکی زۆری فڕۆکەخانەی مینغی سەربازییان لە باکووری دەشتی شاری حەلەب لە سووریا کۆنتڕۆڵ کرد، کە پێشتر لە بندەستی چەند گرووپێکی توندڕەو بوون".

روانگەی سووریا بۆ مافی مرۆڤ گوتیشی: "شەڕ لە فڕۆکەخانەکە هێشتا بەردەوامە، کە دوا پێگەی سەربازییە لە دەستی توندڕەوەکان لە پارێزگای حەلەب ماوەتەوە".

ئەمە لە کاتێکدایە هێزەکانی حکوومەتی سووریا لە مانگی هەشتی ساڵی 2013 فڕۆکەخانەی مینغیان لە دەستدا.

هاوکات پێشڕەویکردنی هێزەکانی یەپەگە دوای چەند رۆژێک هات لە شەڕێکی سەخت کە تێیدا توانیان بەرەو ناوچەکانی رۆژهەڵاتی شاری عەفرین پێشڕەوی بکەن و چەند گوندێک لە نێوان عەفرین و فڕۆکەخانەی مینغ کۆنتڕۆڵ بکەن.

روانگەی سووریا بۆ مافی مرۆڤ ئاشکراشی کرد کە: "لە دەستپێکی هێرشی هێزەکانی سەر بە سەرۆکی سووریا، بەشار ئەسەد لە سەرەتای ئەم مانگەوە 500 کەس لە پارێزگای حەلەب گیانیان لە دەستداوە، کە 100یان بەلانی کەم خەڵکی سڤیلن".

هاوکات رێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتیی لە راگەیەندراوێکدا گوتی: "شەڕ فشارێکی زۆری خستووەتە سەر خەڵکی سڤیل و کەمبوونی خۆراک و ئاو و سووتەمەنی و کارەبا هەیە هاوکات لەگەڵ دابەزینی پلەکانی گەرما و بڕینی چەند رێگەیەکی گەیاندنی هاوکاریی بەهۆی شەڕەوە".

سەرچاوە: AFP، CNN، و: ئاسۆ فیشەگیی